لەبارەی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتی کۆن هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە

نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر، ئەو هاووڵاتییانە ئاگادار دەکاتەوە کە تا 28ی ئابی ئەمساڵەوە مامەڵەی پاسپۆرتیان بە سیستەمی کۆن کردووە و پەنجەمۆریان کردووە، بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت سەردانیان بکەن.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر رایگەیاند، سەبارەت بە پاسپۆرتی جۆری (Aسیستەمی کۆن) “ئەو هاووڵاتییانە ئاگادار دەکەینەوە کە رێکەوتی پەنجەمۆریان تاوەکوو 27/8/2023 بووە پاسپۆرتەکانیان تەواوبووە، داواکارین لە زووترین کاتدا سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی دووی هەولێر بکەن”.

روونکراوەتەوە، بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت پێویستە بەڵگەنامەیەکی فەرمیت پێبێت وەک کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی.

نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی پێشوودا بە هۆکاری کەمی ناردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت لەلایەن بەغداوە، چاپکردنی پاسپۆرتی جۆری A بەپێی رێکەوت دواکەوتبوو لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو بڕە کەمەی کە مابوو تەنها بۆ بارودۆخی زۆر بەپەلە و نەخۆشی و قوتابیانی دەرەوەی وڵات چاپدەکرا، لەگەڵ ناردنی هەر برێکی تری دەفتەری پاسپۆرت لەلایەن بەغدا بۆ بەرێوەبەرایەتییەکەمان لە کورترین ماوەدا بەپێی رێکەوت پاسپۆرتەکان چاپدەکەین و ئاگاداری بڵاودەکەینەوە.