شاندێکی یەکێتی سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی کرد

دوێنێ، شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەردوولا و دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد.

دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی هەڵەبجە و سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەتایبەتی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، هەروەها گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و نێوان لایەنە سیاسییەکان کردووە، گوتیشی: گرنگە بتوانین لە گفتوگۆکاندا ڕۆڵی ئەرێنی و بەرپرسانە ببینین بۆ ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغەدا بن.
لای خۆیشیەوە سەعدی پیرە، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی 7ی مانگی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرا، هاوکات تاوتوێی خاوکردنەوەی گرژییەکان کرا، یەکێک لە خاڵەکان ئەوەبوو پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بە چڕی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکوومەت بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران.
ئەوەشی ڕاگەیاند: هاتنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر کارێکی ئەرێنی بوو، زۆر پێمان خۆش بوو، بە دڵنیاییەوە ئێمە پشتگیری لە هەر ڕێککەوتنێک دەکەین کە ببێتە هۆکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی کە دەگوترێت لە سلێمانی دەکرێت، عەلی حوسێن رایگەیاند: ئەگەر پێویست بێت هەفتەی دووجار کۆدەبینەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی.