بەغدا.. شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو دەکات

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەی لیژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو لە بەغدا کۆدەبێتەوە، شاندێکی ئێمەش بەشدار دەبێت، دەشڵێت هیوادارین رەزامەندی دەرببڕن لەسەر ئەو بودجەیەی کە داوامان کردووە بۆ چەند پڕۆژەیەک.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی لیژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆدەبێتەوە، گوتیشی: ماوەیەک بەر لەئێستا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، ئێمە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی رووبەرووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چ لەبابەتی لافاو و بابەتی دابینکردنی ئاو، داواکارییەکمان پێشکەشکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەو پلانانەی کە حکومەت هەیەتی، لەو بابەت و پڕۆژانەی کە ئەنجامدراون، دیراسەکەمان پێشکەش کرد ئەویش لە بودجەی فریاکەوتنی عێراقی، بودجەیەک بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دیاری بکرێت.

دەشڵێت: ئێمە وەکو هەولێر داواکارییەکەمان چەند پڕۆژەیەک لە خۆ دەگرێت، بە گوژمەی 14 ملیار دینار، دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ بەغدا، لیژنەیەکی تەکنیکی لە بەغداوە هاتن دیراسەی پڕۆژەکانیان کرد.

پاریزگاری هەولێر راشیگەیاند، سبەی کە لیژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو لە بەغدا کۆدەبێتەوە، یەکێک لەتەوەرەکان بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پڕۆژانەی ئێمە، ئێمەش وەکو شاندێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین و پێداگری لەسەر داواکاریەکانمان دەکەین، لەسەر ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە و پڕۆژەکانی رابردووش، هەم لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر، هەمیش لە دابین کردنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵان.

باسی لەوەشکرد، هیوادارین بتوانرێت لەو کۆبوونەوەیە رەزامەندی بدرێت لەسەر ئەو بودجەیەی کە داوامان کردووە، بەدابین کردنی ئەو بودجەیە ئێمە دەکەوینە قۆناغێکی دیکە.

خۆشناو دەشڵیت: ئێمە هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە لە بابەتی رێگریکردن لە لافاو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە هەرێمی کوردستان، هیچ کاتێک ناتوانی گەرەنتی ئەوە بدەی کە لافاو روونەدا، نەک تەنها لە هەولێر، لەهەموو دونیا ناتوانی ئەو گەرەنتییە بدەی، بەڵام بەو پڕۆژانەی کە ئەنجام دراون و بەو رێکارانەی گیراونەتە بەر مەترسییەکان کەمتر دەبێتەوە.

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هاتنی وەرزی زستان دووپاتی کردەوە، کەندی سروشتی یەکێک لەو هۆکارانەی لافاوە، کە لەچواردەووری شارن، ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 350 کیلۆمەتر لەو کەندانە پاک کراونەتەوە، هەروەها مەنهۆڵەکان خاوێن کراونەتەوە.