حکوومەتی عێراق 96 ملیار دینار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. وتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: ئێستە ھیچ گرفتێکی سیاسی نەماوە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن.

دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٣-٨-٢٠٢٣، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥-٢-٢٠٢٤ی وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، ئەوەش دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.
پڕۆسەی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چۆتە قۆناغی کردارییەوە، ئەگەر نیەتێکی ڕاست ھەبێت، ئەستەمە ئەمجارە ھەڵبژاردن دوابخرێت و لە وادەی خۆیدا دەکرێت. ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوێترین ھەڵوێستی خۆیدا ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، ھەڵبژاردن بە یەک بازنەیی و ژمارەی کورسییەکان ١١١ کورسی دەبێت بە پێکھاتەکانەوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی دەتوانن لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بدەن، سێ ملیۆن و شەش سەد و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد و شەست و شەش کەسن، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و حەوت سەد و چل و دوو ھەزار و دوو سەد و شازدە کەسیان تۆماری خۆیان نوێ کردووەتەوە و تۆمارکراون.
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی یەک بازنەیی دەبێت و ھەموو ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان ھەیە و تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زیاترە، مافی دەنگدانیان دەبێت جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانیش بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
ئامادەکاریەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق، تەواو بووە و ئێستە چاوەڕێی نەوەد و شەش ملیار دینار دەکات بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیمزای لەسەر خەرجکردنی پارەکە کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی ڕێکارەکانی ناردنی تەواو نەکردووە، کە لە ھەموو ھەڵبژاردنێک لایەنی ماددی لایەنێکی گرنگە.
یەکێک لە ھۆ سەرەکییەکانی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبوو، سەرجەم لایەنەکانی نێو پەرلەمان جگە لە پارتی و پێکھاتەکان داوایان دەکرد ھەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنە بێت، بەڵام ئێستە کۆمیسیۆنی عێراق بڕیاری داوە ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بێت.
پارتی ھەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام دواجار دوو وادەی ھەڵبژاردن دواخران و وادەی سێیەم دیاری کرا، ئێستە کە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق خشتەی ئامادەکاریەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندووە پارتی پێشوازی لێ دەکات.
ھاوار محەممەد، وتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: وەکو بەشی ھەڵبژاردنی پارتی پێشوازی لە لێدوانەکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و تەواوی ئەو ھەنگاوانە دەکەین کە دەستیان پێکردووە لەپێناو ئەوەی کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە ٢٥-٢-٢٠٢٤ بکرێت.
وتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێ: وەکو پارتی نە لەڕووی یاساییەوە، نە لەڕووی تەکنیکییەوە ھیچ ئاستەنگێک نابینین لەبەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.