پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێکرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی بە سروودی ڕێبازی بارزانی لە شاری خانەقین دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەی کرد، پارتی بۆ ئەم پارێزگایە ١٥ کاندیدی ھەیە. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لەو شارە، دەڵێت: بانگەشەی پارتی لە خانەقین بۆ خزمەتکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکانە. دەشڵێ: ئامانجی پارتی پارێزگاریکردنە لەو خەبات و قوربانیدانەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو کورد قوربانی بۆ داوە.

بڕیارە لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنە ھەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و حەوت سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و ھەشت ھەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
کاندیدانی سنووری پارێزگای دیالە لەسەر لیستی ١٩٧ی پارتی خۆیان بە دەنگدەران ناساند، کە ١٥ کاندیدن، داواکارن دەنگدەران دەنگیان پێ بدەن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، تا دەتوانین بەبێ جیاوازی خزمەت بە شارەکە دەکەین و ئەو شوێنانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ خەڵکەکە دەگەڕێنینەوە.
ھاووڵاتییانیش پێیان خۆش بوو ئاڵای زەرد و دەنگی پارتییان لە خانەقین بە سەربەرزی بیستەوە و داوا دەکەن ھەرچی زووە پارتی بگەڕێتەوە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، پارتی بەبێ جیاوازی خزمەت بە ھەموو چین و توێژەکان دەکات. کاندیدانی پارتییش، دەڵێن: بەردەوام دەبین لە بانگەشە بۆ لیستی ١٩٧ی پارتی و بەردەوام لەناو خەڵک دەبین و دەمانەوێت بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت، بێ ئەوەی ھیچ پێشێلکارییەک بکرێت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە زۆرترین دەنگ لە سنووری دیالە بەدەست بێنین بۆ لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ھەڤاڵ ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین، ڕایگەیاند: بە ئامادەبوونی تەواوی ھەڤاڵانمان بارەگای ئۆفیسێکمان لە شاری خانەقین بۆ بەربژێرەکانی پارتیمان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کردەوە و ھەروەھا پەردە لەسەر وێنەی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم کاندیدەکانی پارتیمان لە پارێزگای دیالە لادا.
بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین، زیاتر دەڵێ: پەیامی پارتی لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە پارێزگاریکردنە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان و خزمەتکردنی کوردستانیان و دانیشتووانی سنووری ئەو پارێزگایە بەبێ جیاوازی.
لە دوای ھێرشەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھاوشێوەی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھێزەکانی سوپای عێراق چوونە نێو بارەگای پارتی لە خانەقین و ئێستە بارەگای لقی پارتی داگیرکراوە و چۆڵ نەکراوە. بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین، گوتی: وەرگرتنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ھەموو یەک پاکێجە، ھیوادارین لەو چەند ڕۆژەدا بارەگاکانی پارتی لە خانەقین، مەندەلی و گوڵاڵە وەربگرینەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات لەناو بارەگاکانی خۆمان لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا بین.
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، ئاشکرای کرد: دوای وەرگرتنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکی دڵی کوردستان، لە دیالە و قەزای خانەقینیش بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە، بەو شێوەیە دەتوانین زیاتر کار بۆ کاندیدەکانی خۆمان بۆ ھەڵبژاردن بکەین، بۆیە ھەر چۆنێک بێت بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە و بەشدارین لەم حکوومەتە و قاچاخ نین، لە ھەموو شوێنێک بە ئازادی بانگەشە دەکەین.
پێکھاتەکانی خانەقین پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەن، چونکە دەزانن پارتی بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان دەکات. ھەڤاڵ ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین، ڕایگەیاند: تەواوی پێکھاتەکان پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەن و دەیانەوێت دەنگ بە ئێمە بدەن، ئێمەش بەڵێنیان پێدەدەین خزمەتیان بکەین و داکۆکی لە مافی ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی بکەین بە کورد و عەرەب و پێکھاتەکانی دیکەشەوە، خەڵکیش دەزانێت پارتی خزمەتی ھەمووان دەکات، بۆیە پشتگیری لە ئێمە دەکەن.

ھەواڵی زیاتر