سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2023/11/10 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ستيڤن چارڵس هيچن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا و ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا دوايين كۆبوونه‌وه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرده‌وه و له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌يان به‌ سه‌ردانى دوێنێى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ كاريگه‌رى و ئه‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كرد و له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ بپارێزرێت و ڕێگه‌ نه‌درێت عێراق ببێته‌ به‌شێكى كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كان.

پاراستنى سه‌لامه‌تيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.