هۆڵی کتێبخانەیەک لە هەولێر بەناوی کوردستان موکریانی دەکرێت


کوردستان موکریانی ناوێکی دیاری قەڵەمی ئافرەتانی کوردە، کە خاوەنی 82 بەرهەمی نووسینە لە بوارەکانی شیعر، زمانەوانی و چەمکی بزووتنەوەی ئافرەتانی کورد. ئەم خاتونە نووسەرە نیو سەدەیە سەرقاڵی نووسینە . لە مەراسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر و لەناو کتێبخانەی گشتی  وەک وەفا  و رێزێک بۆ خەبات  و قەڵەمەکەی هۆڵیکیان بە ناوی کوردستان موکریانییەوە کرد .

لە ناو 82 بەرهەمی نووسراوی خۆی، کوردستان موکریانی یەک لەو کتێبانە هەڵدەداتەوە کە دەیباتەوە سەردەمی منداڵی و سەرەتاکانی دەسپێکی نووسین، ئاوڕێک لە رابردوو و نیوسەدە خزمەت بە کتێبخانەی کوردی، لەگەڵ هەر لاپەڕەیەک لەم کتێبە، دەیان بیرەوەری تاڵ و شیرینی دێتەوە یاد .

کوردستان موکریانی لە تەمەنی دە ساڵییەوە بەهۆی باوکی، گیوی موکریانی،  قەڵەم و کتێب دەکاتە باشترین هاوڕێ و ژیانی خۆی بۆ تەرخان دەکات

لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی دەیان ئەدیب و نووسەر، بە پێشنیازی بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی، لە کتێبخانەی زەیتون هۆڵێکی تایبەت بە ناوی کوردستان موکرایانی کرایەوە، خەبات و چالاکی ئەم خاتونە کوردە، لە ماوەی 76 سالی تەمەنیدا بووەتە هۆکاری ئەوەی دەیان جار لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان رێزلێنانی تایبەتی بۆ بکرێت .

کوردستان موکریانی، نووسەر، گوتی: “کتێب رێنوێنی کردووم، رێگەی نیشانداوم و پشتگیری کردووم، لەگەڵ کتێبدا زۆر دۆستم، وایکردوە منیش بەرهەمم هەبێت، بەرهەمەکانیشم دوو بوار دەگرێتەوە کە بریتیەیە لزمانەوانی و دۆزی رەوای ژن، هەڵبەت خۆشەویستی خەڵکی پێبەخشێوم، رێزلێنانی خەڵکی پێبەخشێوم، رێزلێنان جۆرێکە لە خۆشەوسیتی، خۆشەویستیش هێزت دەداتێ، توانایەکت پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لە ژیان و، هانت دەدات بۆ ئەوەی لە کارەکەتدا ئەفراندن بکەیت”.

لەلایەن خۆیەوە ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوبەری کتێبخانەی گشتی رایگەیاند، “وەک ئافرەتێک حەزم کرد ناوی ئافرەتێک لە یەكێک لە هۆڵەکانی کتێبخانە بێت، لەبەر ئەوەی کوردستان موکریانی خاتونێکی شۆڕشگێر و نووسەرە، خانەوادەیەکی گەورەن لە خزمەتی کتێب و چاپی کتێب بوونە، کوردستان خانە پێویستە پەیکەرێکیشی بۆ دروستبکرێت بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک و دەرسی لێوەربگرین”.

کوردستان موکریانی، جیا لە نوسینی هۆنراوە، دەیان کتێبی لە بوارەکانی زمانەوانی و چالاکی ئافرەتان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و رووسی نووسیووە.