عارف شێروانی، سەرۆکی ڕێکخراوی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان:ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگەوانانی کوردستان سێ سەد و پەنجا تۆن ھەنگوین بووە

ھەنگەوانان گلەیی دەکەن لەوەی بڕێکی زۆری ھەنگوین لە دەرەوەی وڵات و بەڕێگەی قاچاخ دەھێنرێتە ھەرێمی کوردستان ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بە بازاڕکردنی ھەنگوینی خۆماڵی. داواش دەکەن لایەنی پەیوەندیدار ئەم کێشەیان بۆ چارە بکەن، کڕیارانیش سەریان لێشێواوە و نازانن کام جۆر ھەنگوین خۆماڵی و ئەسلییە. عارف شێروانی، سەرۆکی ڕێکخراوی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھاوردەکردنی ھەنگوین قەدەغەیە، بەڵام لە ڕێگەی سنووری باشماخ بە ترێلە دێتە ناو ھەرێمی کوردستان.

لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سەد و پەنجا ھەزار خاوەن ھەنگ، لای کۆمەڵەی ھەنگەوانان تۆمارکراون، لەگەڵ پێنج سەد ھەزار پوورە ھەنگ. لە بازاڕەکانی کوردستان چەندین جۆر ھەنگوین دەفرۆشرێت، بەرھەمی بیانی ھەرزانترینیانە و کیلۆی بە پێنج ھەزار دینارە، لەبارەی ھەنگوینی خۆماڵیشەوە نرخەکەی لە سی و پێنج ھەزار دینارەوە دەستپێدەکات، تا ھەشتا ھەزار دینار.
ھەنگەوانان، داواکارن لە لایەنە پەیوەندیدارەکان چی دیکە ڕێگە نەدەن ھەنگوین لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێم بکرێت، چونکە بە ھاوردەکردنی ھەنگوین، نرخی ھەنگوینی ئێمە دادەبەزێت و کەس ناکڕێت، ئەگەر حکوومەت ڕێگری نەکات، ناچار دەبین دەست لە پیشەی ھەنگەوانی بەردەین.
عارف شێروانی، سەرۆکی ڕێکخراوی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان زۆر کەم بووەتەوە تەنیا سێ سەد و پەنجا تۆنە، ھۆکەشی کەشوھەوا بوو، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو بەرھەمی ھەنگەوانان ھەشت سەد تۆن بوو.
سەرۆکی ڕێکخراوی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: خواستێکی زۆر لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ئاسانکاری زۆر بۆ ھەنگەوانان کردووە و لە دەرەوە بازاڕیان بۆ دۆزیوەتەوە، بەڵام ساڵانە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ پێویستمان بە پێنج سەد و بیست و پێنج تۆن ھەیە، ئەگەر لەو ڕێژەیە کەمتر بوو ناتوانین ھاوردە بکەین.
سەرۆکی ڕێکخراوی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: بەنووسراو داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە ھەنگوینی ھاوردە قەدەغە بکرێت، وەزارەتی کشتوکاڵیش قەدەغەی کردووە، بەڵام ھەندێک کەس دە بەرامبەر لە جاران ھەنگوین ھاوردەی ھەرێم دەکەن، ئەگەر تەماشای بازاڕ بکەین ھەموو بۆتە ھەنگوینی ھاوردە و کەسیش ناکڕێت، ئەوەش بازاڕی ھەنگەوانانی لاواز کردووە، ئەو ھەنگوینەی لە دەرەوە دێت کوالێتی سفرە، ھەوڵمان داوە و داوامان کردووە، بەڵام ئەو دیاردەیە ھەر بەردەوامە و لە ڕێگەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ بە ترێلە ھەنگوینی قاچاخ دێتە ناو ھەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر