لەتیف رەشید پێشوازی لە سەفین دزەیی کرد


بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل شاندێک سەردانی سەرۆککۆماری عێراقیان کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەفین دزەیی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستی هاریکاری و تەبایی نێوان هەمووان کردەوە، بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا، هەروەها داوای دیالۆگی بنیاتنەر لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە پێی دەستوور و یاسا کرد، بە شێوەیەک کە مافی هاووڵاتیان بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەستەبەر بکات.

لە دیدارەکدا، سەفین دزەیی، پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەکانی سەرۆککۆماری عێراق دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا کرد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە گەیشتن بە بەرژەوەندی هاوبەش.