ھەزار تۆن لە ھەناری ھەڵەبجە و زاخۆ رەوانەی وڵاتی فەرەنسا دەكرێت

ھەزار تۆن لە ھەناری ھەڵەبجە و زاخۆ رەوانەی وڵاتی فەڕەنسا دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا 100 تۆن لە رێگەی دەروازی سنووری ئیبراھیم خەلیلەوە رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-11-2023، ئیدریس ئەنوەر، خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی ھەناردەكردنی بەرھەمی هەنار، رایگەیاند، “وەکو كەرتی تایبەت بە ھاوكاری نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، گرێبەستێکمان لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا واژووکردووە بۆ هەناردەکردنی ھەزار تۆن لە ھەناری ھەڵەبجە و زاخۆ بۆ ئەو وڵاتە”.

ئیدریس ئەنوەر ئاماژەی بەوەش کرد، وەكو قۆناغی یەكەم ئەمڕۆ 100 تۆن بەرھەمی ھەنار لە ڕێگەی دەروازی سنووری ئیبراھیم خەلیلەوە رەوانە دەكەن و رۆژانی داھاتوو ئەو بڕە بەرهەمەی ماوەتەوە، رەوانە دەكرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو نزیکەی دوو هەزار تۆن هەناری هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەی هەناری هەڵەبجە بووە، هەناردەی وڵاتی ئیمارات و کەنداو کرا. ئەمساڵیش ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکەی وەکو سێو و هەنگوین بۆ ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو.

هەناری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەیلوولدا پێدەگات و تاوەکو 15ی مانگی کانوونی یەکەم بەرهەمی دەمێنێت. بە بڕاندکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی لە ئێستادا بەشێکە لە پلان و بەرنامەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرزکردنەوەی کواڵێتییەکەی.