کەشناسی رەوشی کەش و هەوای دوو رۆژی راگەیاند

د.شاهین هورمزی ،پسپۆڕی تەكنۆلۆژیای هەستكردن لە دوور و زیرەكی دەستكرد ڕایگەیاند،بارستە هەوایەكی سارد كە ئاوێكی زۆری هەڵگرتووە لە ماوەی ئەم مانگەدا ڕوو لە عێراق دەكات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، شەپۆلەكە كیشوەری جەمسەری باشووری بەزاندووە و ئاوێكی زۆری لە زەریاكە لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووەو بەرەو عێراق لە ڕێگەدایە.
ڕوونیشیكردەوە، بە پشتبەستن بە شیكاری نوێترین وێنەی مانگی دەستكردی مۆدێرن، هەموو چاوەكان لەسەر ئەم شەپۆلەیە،كە ئێستا بەناو ئەوروپادا بەڕێكەوتووەو دەگاتە توركیا و سوریا و دواتریش عێراق، دوای ناوەڕاستی ئەم مانگە-ش یان لە ڕۆژانی 18 و 19دا دەبێتە هۆی بارانبارینی بەخوڕ.
هۆرمزی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ئەو بارودۆخەی كەشوهەوا چاوەڕوانكراوە، بە بەكارهێنانی نوێترین تەكنەلۆژیا وێنەی گیراوە و پێشتر تاقی نەكراوەتەوە و بۆ یەكەمجارە كاری لەسەر دەكرێت.
لەلایەكی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند: گۆڕانكارییەكان دڵخۆشكەرن و پشتیوان بەخودا لە ناوەڕاستی مانگەوە بارانی زۆر باش دەستپێدەكات و سەرجەم مۆدێل و نەخشە جیاوازەكان دەرخەری ھاتنی شەپۆلێكی بەھێزی بارانبارین بۆ سەرتاسەری ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان .