محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک:بەرنامەی پارتی لە کەرکووک خزمەت بە سەرجەمپێکهاتەکان دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، لەم دیدارەدا لەگەڵ “ھەولێر” دەڵێت: بەرنامەی پارتی بۆ ھەڵبژاردن، بەرنامەیەکی ھەمەلایەنە و خزمەت بە تەواوی پێکھاتەکانی کەرکووک دەکات. دەشڵێ: کاندیدەکانی پارتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانی تێدایە، خەڵک بڕوای وایە پارتی دەتوانێت خزمەتی خەڵک بکات بۆیە ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک بە ھەموو ئاین و نەتەوەکانەوە لەگەڵ ئەوەن پارتی بەھێزبێت و دەنگیشی پێ دەدەن، ھەروەھا خەڵکی کەرکووک ئومێدێکی زۆریان بە پارتی هەیە.

پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجووومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١/١١ دەستی پێکردووە و تا ١٥/١٢بەردەوام دەبێت، پارتی بە لیستی ژمارە ١٩٧بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکات، خەڵکی کەرکووک ئومێدێکی زۆریان بە پارتی ھەیە، بەرپرسانی پارتییش بەڵێن دەدەن ھەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ئێستەی شارەکە چاک بکەن.
وابڕیارە لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنەدا ھەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و حەوت و سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و ھەشت ھەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بکرێت کە سەرجەم لیست و لایەنە جیاوازەکانی کەرکووک لەسەر پازدە کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کێبڕکێ دەکەن.
بۆ ئەم ھەڵبژاردنە، ھەشت سەد و حەفتا ھەزار و نۆسەد و بیست کەس لە کەرکووک مافی دەنگدانیان ھەیە و بۆ ھەڵبژاردنی پازدە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆی دوو سەد و چل و ھەشت کاندید لە دە ھاوپەیمانی و پێنج لیستی سەربەخۆی پارتە سیاسییەکان و سێ کاندیدی سەربەخۆ.
پارێزگای کەرکووک لە چوار قەزا و دوازدە ناحیە پێکھاتووە، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش بۆ کردنی ھەڵبژاردنەکە سێ سەد و چل و چوار بنکەی دەنگدان و دوو ھەزار و سی و سێ وێستگەی دەنگدانی ئامادەکردووە کە لەلایەن یازدە ھەزار و شەست و پێنج فەرمانبەرەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: خەڵکی کەرکووک چاویان لەوە بوو پارتی بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و خەڵکێکی زۆر بەجۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کرد، چونکە خەڵکی کەرکووک ئومێدێکی زۆریان بە پارتی ھەیە و چاویان لەوەیە لە ئایندەدا ئێمە کارێکیان بۆ بکەین. بۆیە بەڵێن دەدەین ھەموو تواناکانی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ئێستە چاک بکەینەوە و باشتری بکەین.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێ: پارتی لە کەرکووک دانەبڕاوە، ئەوەی دابڕاوە لە کەرکووک بارەگاکانی بووە نەک خودی پارتی، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بارەگاکەمان نۆژەن دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەش تەواوی بارەگاکان و ناوچەکانمان لە کەرکووک وەردەگرینەوە و لەسەر بارەگاکانمان ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتی ھەڵدەکەین، وەک بینیتان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کەرکووک خەڵک گوتیان ماڵی ھەریەکەمان بارەگایەکی پارتییە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ئاشکراشی کرد: پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە باوەڕی بە پێکەوەژیان ھەبووە، باوەڕی بە مافی پێکھاتەکان و دیموکراسییەت ھەبووە. دەبێت بە ھەموو لایەکمان خزمەتی شاری کەرکووک بکەین.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی ڕۆڵ و کاریگەرییەکی باشی ھەیە لە شاری کەرکووک، پێشتریش زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شارە ئەنجامدابوو، ئومێد دەکەین بتوانین لەم ھەڵبژاردنە پێگەیەکی باشی حزبە کوردستانییەکان لە ھەڵبژاردن قایم بکەین بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی سیاسی و ئیداری باشمان ھەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خزمەتی کەرکووک و کەرکووکییەکان بکەین.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ڕوونیشیکردەوە: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران و بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان پارتی و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی سیاسی سەرۆکوەزیران بارەگاکانی پارتی ڕادەست دەکرێتەوە، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانمان وەرگرتەوە و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کە ھەمیشە پاڵپشت بووە بۆ زانست پێشکەشی زانکۆی کەرکووکمان کرد، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا چەندین جار سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەم دیاریەی کە پێشکەشی کردووە بە زانکۆ و لاوانی کەرکووک، بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاری و زانست لە شارەکە، مامۆستایانی زانکۆ و ھاووڵاتییانی شارەکەش پێشوازیان لەو بڕیارە گرنگەی سەرۆک بارزانی کرد.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: دڕاندنی لافیتەی کاندیدەکانمان شتێکی منداڵانەیە و کاریگەری نابێت لەسەر بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵک حەماسەتی زیاتر دەبێت، کە دەبینن پۆستەری کاندیدانی پارتی دەدڕێندرێن خەڵک زیاتر پارتی خۆش دەوێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو بانگەشەیە تەنھا وێنە و فلێکس نییە ئێمە ساردبکاتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین و لەناو دڵی جەماوەری کەرکووک داین و ئومێدێکی زۆریان بە ئێمە ھەیە، بۆیە ھەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر، دەمانەوێ بانگەشەیەکی ھێمنانە بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی پەیامی خۆمان بە ھەموو دەنگدەرانی شارەکە بگەینین.