کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا: لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەکەین

کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبا و  سامانە سرووشتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بە گوێره‌ی راگەیاندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا له‌هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کارەبا، وزە و نەوت له‌هه‌رێمی كوردستان دەربڕی.

 لە بارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، دەزانین وه‌ستانی نەوت کاریگەری خراپی بۆ سەر داهات و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان هەبووە.

هه‌روه‌ها گوتی: “چارەسەرکردنی کێشەی داهات و پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز لە ئەولەوییەتەکانی سیاسەت و بەرنامەی واشنتۆن دەبێت”.

هەر بە گوێره‌ی راگەیه‌ندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دیدارەدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا، سوپاسی رۆڵی ئەمه‌ریکای کرد، بۆ گرنگیدان بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز و فراوانکردنی وەبەرهێنان و دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.