ئەمڕۆ سێشممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە میانەی راگەیەندراوێکدا، گشت کۆمپانییەکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی، پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و بەرهەمی پزیشکی ئاگاداردەکاتەوە و تێیدا هاتووە، “لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاووڵاتییان، ئاگاداری گشت کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوەخۆییەکان دەکەینەوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی گشت ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکییانەی کە بێ ستیکەرن یاخود ستیکەری کۆنیان لەسەرە دەبێت بیگەڕێندرێنەوە بۆ کۆگاکانیان”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوە بەرهەمەکانیان بە لیستێک کە ئەم زانیاریانە لەخۆ بگرێت (Itemname، quantity، batch number، current process) پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بکەن بۆ دروستکردنی ستیکەری نوێ بۆیان دواتر بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەنەوە، دوا مۆڵەت رێککەوتی (10/12/2023) دەبێت.
هاوکات ئامژە بەوەشدراوە، دوای رێککەوتی (2/1/2024) هەر بەرهەمێکی دەرمانسازی و پزیشکی بەبێ ستیکەری نوێ بوونی هەبێت لە کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و کارگە ناوەخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و دەستی بەسەردادەگیرێت و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر