دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لەتیف نێروەیی: ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی دانوستانی جددی دەکەن

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی جددی دەبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرپرسیاریەتی هەردوولا لەم قۆناغە هەستیارەدا.

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی گوتی: “کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی گرنگە و لە قۆناغێکی هەستیارە لە ناوچەکە، چونکە خەریکە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کاریگەرییەکانی و کاردانەوەکانی لە عێراق دەردەکەون، بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی، ئامادەکاریی باش نەکەن و لێکتێگەیشتن لەنێوانیان نەبێت، رەنگە نەتوانن بە ئیرادەیەکی باش بەرپرسیاریەتی ئەو قۆناغە لە ئەستۆ بگرن، ئەگەری ئەوە هەیە پریشکی ئەو شەڕە بگەنە ناوچەکەمان”.

گوتیشی: “پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بابەتی مووچە و بودجە لەگەڵ بەغدا یەکلایی نەبووەتەوە، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکان و بەرپرسیاریەتی هاوبەش لەسەر هەردوو هێزی سەرەکییە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی زیاتر هەیە، خاڵێکی دیکەی گرنگی ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقە، دەبێ پارتی و یەکێتی کار لەسەر ئەوە بکەن بەشێوەیەکی هێمنانە و بە پەیامی نیشتمانیی و نەتەوەیی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەدەست بێنێت”.

گوتیشی: “بە بڕوای من ئەمڕۆ دانوستانی جددی لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت، بۆ ئەوەی چۆن هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا ئاڵۆزە دەرباز دەبێت”.

سەبارەت بەوەی کە یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەیامی نوێی پێیە لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان؟ لەتیف نێروەیی، ئاماژەی بەوەدا: “ئێمە وەک یەکێتی لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بووین، بە جۆرێک ئامادەکاری بۆ بکرێت، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاچەند ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن؟، لەسەر خاڵێکی یاسایی بۆچوونی جیاواز هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەڵبژاردن بەشێوەی یەک بازنەیی بێت یان چوار بازنەیی، بۆ ئەمە یەکێتی و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدان کە چوار بازنەیی بێت”.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، ئاماژەی بەوەدا: “لە دوای کۆنگرەوە پەیامی یەکێتی بۆ لایەنەکان بەتایبەتی پارتی ئەوەیە کە لاپەڕەیەکی نوێ ‌هەڵدەنەوە و ناو ماڵی کورد یەکبخرێتەوە، ناکرێ ئێمە لە هەولێر و بەغدا پێکەوەبین و لە ناوچە دابڕێنراوەکان ناکۆک بین، ئەم قۆناغ و رەوشە ئەوەمان لێدەخوازێت کە سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین، لە رابردوودا پارتی و یەکێتی لە هەر قۆناغێکدا کە پێکەوە بووبن سەرکەوتوو بوونە و دەستکەوتیان هەبووە، لەم قۆناغەشدا ئەگەر پێکەوە نەبین هەرێمی کوردستان زیانمەند دەبێت”.

راشیگەیاند: “لەو بڕوایەدام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی، گفتوگۆ لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی و هەڵەبجە دەکرێت و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان دەکرێت، ئەوەی گرنگە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکرێت و بابەتی مووچە و بودجە چارەسەر بکرێت، ئەوکات ئەو گرفتانە نامێنێت، ئەو کێشەیە هی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانە، بۆیە دەبێ باسی چارەسەر بکەین نەک بڵێین کێ لێی بەرپرسە”.