هەزار و 200 جانتا بەسەر قوتابیانی کەمپی هەرشەمدا دابەشکران

لە چوارچێوەی پڕۆژەی (پاندا پاکەکان) هەزار و 200 جانتا بەسەر قوتابیانی کەمپی هەرشەم لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکران. پارێزگار جەخت لەوە دەکاتەوە، “تا ئەو کاتەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان مابن، خزمەتیان دەکەین”.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-11-2023، لە رێوەڕەسمێکدا، لە کەمپی هەرشەم، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ لیو جۆن، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان و مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، پرۆژەی (پاندا پاکەکان) راگەیەندرا.

لە رێوڕەسمەکەدا هەزار و 200 جانتا و ژمارەیەک کەلوپەلی خوێندن پێشکەشی قوتابیانی دانیشتووی کەمپەکە کران. پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مەبەست لە پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییانە، “بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنە لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان”.  

بە گوتەی ئومێد خۆشناو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرە ملێی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان نییە. سەرەڕای دۆخی سەختی خۆمان، تا ئەوکاتەی ئاوارەکان لێرەبن خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەین”.