دژە تیرۆری کوردستان: بە 3 درۆن هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

دژەتیرۆری کوردستان رایدەگەیەنێت، “بەیانیی ئەمڕۆ بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر”. 

دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2023، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئاسماندا تەقێندرانەوە”.

دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، “بەیانیی ئەمڕۆ لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان شوێن، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەنەتەقیوی کەوتە خوارەوە”.

هاوکات ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەیەک راگیران، بەڵام ئێستا گەشتکردن لە فڕۆکەخانەکە ئاسایی بووەتەوە”.

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، گرووپی ‘مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق’ بەرپرسیارێتى خۆى لە زیاتر لە 25 ھێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. بێجگە لەم گرووپە چەکدارییە، میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق چەندین جار هەڕەشەیان لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە، ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە نەوەستێنن، لە هەموو شوێنێک بە ئامانجیان دەگرن.  

رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 38 جار لە عێراق و سووریا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان؛ بەشێوەیەک لە عێراق 20 جار و لە سووریاش 18 جار. گوتیشی، “بەهۆی هێرشەکانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندمان بریندار بوون”.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر گەورەترین و فراوانترین فرۆکەخانەی هەرێمی کوردستانە؛ دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی شارەکە و، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 دایمەزراند.

بە گوێرەی ئامارەکانی فڕۆکەخانەکە، 19 کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشت ئەنجام دەدەن و رۆژانه‌ زیاتر له‌ 90 گه‌شت ئه‌نجام ده‌درێن.

لە ساڵی 2022، زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەکەوە گەشتیانکردووە و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بۆ ئەمساڵ بۆ سەرووی دوو ملیۆن گەشتیار بەرزببێتەوە. هاوکات پێشینی دەکرێت بۆ 10 ساڵی داهاتوو، زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەکەوە گەشت بکەن.