دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ماوەی 37 مانگە نرخی خۆراك لەبەرزبوونەوەدایە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ماوەی 37 مانگە لەسەر یەك، نرخی خۆراك لە توركیا لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش لە كاتێكدایە ڕێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرای كردووە، نرخی خۆراك لە تەواوی دنیادا بە ڕێژەی 11% هەرزان بووە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، نرخی خۆراک لە توركیادا لە ماوەی یەك ساڵدا 72% بەرز بووەتەوە، هەروەها ماوەی 37 مانگە لەسەر یەك، نرخی خۆراك لە توركیا لە بەرزبوونەوەدایە.
هاووڵاتیانی توركیا ناچارن، بەشێكی زۆری مووچەكەیان بۆ خۆراك دابنێن، چونكە نرخەكەی بە جۆرێك گرانە، هەموو بیریان لای ئەوەیە چۆن بتوانن خۆراك بۆ ماڵونداڵیان دابین بكەن.
شارەزایانی بواری ئابووری لە توركیا، دەڵێن تاكە وڵات لە جیهاندا كە ركابەری ئەرجەنتین بكات لە ڕووی گرانی نرخی خۆراك ئەوە، توركیایە، هەروەها پارەی توركیا ئەوەندەی پارەی ئەرژەنتین بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
گرانی نرخی خۆراك، بەتەواوی خەڵكی هەراسان كردووە، بەشێك لە خێزانەكان منداڵەكانیان لە قوتابخانە هێناوەتە دەرەوە، بەتایبەت لە باكووری كوردستان، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە ناتوانن خۆراكیان وەكو پێویست بۆ دابین بكەن.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی بەشێك لە شارەزایانی بواری پەروەردەیی، بەشێكی زۆری قوتابییەكان ئاستی زیرەكییان هاتووەتە خوارەوە، چونكە وەكو پێویست خۆراك ناخۆن و بۆیان دابین ناكرێت، هەروەها باس لەوە دەكەن، لە وانەكانی هونەر و بیركاریدا، ئاستی قوتابییەكان دابەزیوە، چونكە كەسێك خۆراك وەكو پێویست نەخوات، وەكو پێویستیش مێشكی كار ناكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (ئێرۆنیوز)، ماوەی سێ ساڵ دەبێت لە توركیا نرخی خۆراك لەبەرزبونەوەدایە، هەروەها هەڵاوسانی ئابوورییش لەو وڵاتە ساڵانە بەرز دەبێتەوە، بۆیە هاووڵاتی لە دۆخێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.
محەمەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا ڕایگەیاند، لە بەرنامەیاندایە تا 2025، ئاستی هەڵاوسانی ئابووری زۆر دابەزێنن، بەشێوەیەك بگاتە 34%، كە ئێستا زیاترە لە 60%.
بەشێك لە نووسەران، سەرزەنشتی هاووڵاتی دەكەن، دەڵێن ئێوە خۆتان دەنگتان بەو سیستەمەی ئێستا داوە، بۆیە ناتوانن ڕەخنە بگرن كە دۆخی داراییتان خراپە، گەر بەو شێوەیە خراپە، بۆچی لەسەر سندوقی دەنگدان دەنگتان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانیی كۆماری دا، بەڵام بەشێك لەو نووسەرانەی سەر بە حكوومەتن، پێیان وایە ئەو دۆخەی دروست بووە، دەستی وڵاتانی ئەورووپای لە پشتەوەیە و ئەوانن دەست وەردەدەنە ناو كاروباری ئابووریی توركیا، بۆیە دۆخەكە كاتییە و تێدەپەڕێت.
بەگوێرەی راپۆرتی بانكی جیهانی، توركیا لە ڕیزبەندی چوارەمین وڵاتە لە جیهاندا كە نرخی خۆراك بەزترین ئاستی تۆمار كردووە، هەروەها زیادكردنی مووچەی فەرمانبەرانیش گاریگەریی لەسەر بژێوی ژیانیان نەبووە، چونكە بەشێكی زۆری مووچە بۆ خۆراك دەڕوات.
لە كاتێكدا لەبەشێكی وڵاتانی جیهان، نرخی خۆراك لەدابەزینە، كەچی لە توركیا بەپێچەوانەوە لە بەرزبوونەوەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، نرخی خۆراك لە تەواوی جیهاندا 11% دابەزیوە، بەڵام لە توركیا 72% بەرز بووەتەوە.