لە دهۆک یەکەمین پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی بە كوڕە شەهیدێک درا

لە دهۆک یەکەمین پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی بە كوڕە شەهیدێک درا. پارێزگار دەڵێت، “بە جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی دەرهێنانی پاسپۆڕت، زۆرێک لەو کێشانەی پێشتر لەکاتی وەرگرتنی پاسپۆڕت رووبەڕووی هاووڵاتییانمان دەبوونەوە، نامێنن”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئەمڕۆ یەکەم پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی لە دهۆک بۆ کوڕە شەهیدێک بەناوی “باوەر نازی” دەرهێندرا. ئەم پاسپۆڕتە نوێیەیە یەکێکە لە پێشکەوتووترین پاسپۆڕتەکانی جیهان و کواڵێتییەکەی زۆر بەرزە. بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیەیە، زۆرێک لەو کێشانەی پێشتر لەکاتی وەرگرتنی پاسپۆڕت رووبەڕووی هاووڵاتییانمان دەبوونەوە، نامێنن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لەومەبەداو هاووڵاتییانمان دەتوانن بەرێگەی ئۆنڵاین نۆرە بۆ دەرخستنی پاسپۆڕت بگرن. لەمەودا دواکەوتن لە وەرگرتنەوەی پاسپۆڕت دروست نابێت، چونکە بەپێی ئەو میکانیزمەی ئەمڕۆ بینیمان و بەدواداچوونمان بۆی کرد، لە ماوەی چەند خولەکێکدا مامەڵەکان تەواو دەبن و هاووڵاتی دەبێتە خاوەن پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی”.

بە گوتەی عەلی تەتەر، “ئێستا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەم جۆرە پاسپۆڕتە بەکاردەهێندرێت. ئەم خزمەتگوزارییە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ هاووڵاتییانی دابینکردووە و، لە داهاتوویەکی نزیکدا خزمەتگوزارییە نوێیەکە لە قەزاکانی زاخۆ و ئاکرێ و ئەو شوێنانەی دیکەش کە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتیان هەیە، بەردەست دەبێت”.

دوای ئەوەی لە بەغدا وەک یەکەم شار لە ئاستی عێراق دەست بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی کرا، رۆژی دووشەممە، 16-07-2023، لە هەولێر وەک دووەم شار لەسەر ئاستی عێراق و یەکەم شار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەست بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی کرا.

پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی نەوەی سێیەمی پاسپۆڕتی عێراقییە. کواڵێتییەکی زۆر بەرزی هەیە، رێگریی دەکات لە هەموو جۆرە ساختەکارییەک، هەروەها ئەم جۆرە پاسپۆڕتە دانپێدانراوە لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتییەوە. هەڵگری ئەم پاسپۆڕتە کۆمەڵێک رێکاری نێو فڕۆکەخانەکانی لە کۆڵ دەبێتەوە، دەتوانێت بە دەرگای ئەلیکترۆنییدا هاتوچۆ بکات.

ئەم پاسپۆڕتە تایبەتمەندی ئاسایشیی و تەکنەلۆجیایی بەرزی تیادایە و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان لە کاتی گەشتکردندا. پێویستە هاووڵاتیی خاوەنی کارتی نیشتمانیی و هەژماری بانکیی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی وەربگرێت.