فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

چوارشەممەی داهاتوو 8/11/2023، فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە دەڵێت: 100 تۆن هەنار 150 دەبە ئاوی هەنار لە هەڵەبجەوە دەهێنمە هەولێر.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر راگەیاند، داواکارییەکمان پێشکەشکراوە، کە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێریش بەڕێوەبچێت، ئێستا کاری لەسەر دەکەین.

گوتیشی: “فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە هەر پارێزگا و هەر شارێک بەپێی تایبەتمەندی خۆی دەکرێت، ئێمە وەکو قایمقامیەتی هەولێر هاوکار دەبین و رێگەیان پێدەدەین ئاسانکاریشیان بۆ دەکەین”.

هەر پەیوەست بە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر ئازاد محەممەد، جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجە، گوت: “رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر لە بەردەم پاركی شانەدەر دەكرێت”.

گوتیشی: “100 تۆن هەنار لە هەڵەبجەوە دەهێنمە هەولێر، جگە لەوەی 150 دەبە ئاوی هەنارم ئامادە كردووە و پەتاتە و زەردەچەوە، لە فێستیڤاڵەکە دەیفرۆشم”.

راشیگەیاند، فێستیڤاڵەكە لە کاتژمێر 8ـی بەیانی دەست پێدەکات و تا کاتژمێر 8ـی شەو، بۆ ماوەی سێ رۆژ فێستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێت.