د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی: ٢ مانگ مۆڵەت ماوە لەبەردەم دەرمانخانەکان بۆ دانانی ستیکەر لەسەر دەرمانەکان

فەیسەڵ شێخانی – هه‌‌ولێر

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو دیمانەیەدا باس لەوە دەكات، ستیكەری دەرمان سەنگی مەحەكی نێوان هاووڵاتیی و حكوومەتە، وا دەكات كە هاووڵاتیی متمانەی بەو دەرمانە هەبێت كە دەیكڕێت. هەروەها دەڵێ‌، 20%ی داشكان بۆ نرخەكانی دەرمان كراوە.

  • بابەتی چاكسازیی لە کەرتی تەندروستی بە كوێ گەیشتووە و چی كراوە؟
  • بابەتی چاكسازی لە کەرتی تەندروستی پرۆسەیەكی بەردەوامە، شتێك نییە كۆتایی بێت و بە شەو و ڕۆژێك تەواو بكرێ‌؛ بۆ نمونە، وڵاتێكی وەك بەریتانیا بەردەوام چاكسازیی لە کەرتی تەندروستی دەكەن و هەموو چاكسازییەك بنەمایەكی یاسایی پێویستە، بۆیە لەم حكوومەتە چەندان پڕۆسەی چاكسازی لە كەرتی تەندروستی كراوە كە زیاتر لە نۆ دۆسیەیە، بەشێك لەوانەیش یاسایان بۆ ئامادە كراوە و بەشێكی تری پێوەندی بە بودجە هەیە، ئێستە ئێمە ڕەزامەندی بایۆمەتریی تەندروستیمان بۆ خەڵك هەیە، بەڵام پێویستی بەكاتە. ئێستە ڕێكخستنەوەیەكی گرنگ بۆ فریاكەوتنەكانی كوردستان هەیە و چەند ساڵێكە ڕووبەڕووی كێشەی گەورە لە نێوان هاووڵاتییان و پزیشكەكان نەبووینەتەوە، چونكە نەخۆشەكانی فریاكەوتن پۆلێن كراون و 24 سەعات پزیشكی تایبەتی هەیە، ڕێكخستنەوەی سیستەمی فریاكەوتن زۆر گرنگە چونكە هەموو خەڵك پێویستی بەوە دەبێت، بەڵام بەهۆی كاتەوە دەرفەتی ئەوەمان نەبووە كە 100% بەرنامەی خۆمان جێبەجێ‌ بكەین، چونكە دوو ساڵ خەریكی كۆرۆنا بووین.
  • چۆن دەتوانن كار بۆ ئەو هەموو دەرچووەی بەشە پزیشكییەكان بدۆزنەوە؟
  • ئەوە پرسیارێكی زۆر گرنگە، ڕێگەی یەكەم دامەزراندنیانە لەناو كەرتی گشتیی حكوومەت كە ئەوە سنووردارە، ڕێگەی تر هەیە كە ئەوە زۆر سوودی زیاتر هەیە كە 60%ی كەرتی تایبەت دەبێت كارمەندانی تەندروستی دەرچووی بەشەكان بن، كە ڕەنگە ئەوە لە داهاتوو ئەو ڕێژەیە زیاتر بكەین، ڕێنوێنی دەردەكەین بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانی یاسایی هەبێت بۆ كارمەندەكان كە لە هەرشوێنێكی تەندروستی بیانەوێ‌ كاری خۆیان بكەن بۆ ئەوەیش لەگەڵ دادوەرەكان لە گفتوگۆداین كە پێكدادانی یاسای روو نەدات.
  • پرۆسەی کەرتی دەرمان، بە كوێ‌ گەیشت؟
  • پرۆسەی ستیكەری دەرمان بۆ هاووڵاتیی گرنگە كە بزانێ‌ ئەوە لە ڕێی حكوومەتەوە هاتووە یان نا، واتە کەرتی دەرمان سەنگی مەحەكی نێوان هاووڵاتیی و حكوومەتە، وا دەكات كە هاووڵاتیی متمانەی بەو دەرمانە هەبێت كە دەیكڕێت، هەروەها ناساندنەوەی دەرمانی یاسایی و قاچاغە، ئێستە ستیكەرەكە تەنیا كاغەزێك نییە بەڵكو سیستەمی تەكنەلۆجیایی نوێیە بۆ ڕێگری لە دەرمانی قاچاغ، هەروەها ئەو كۆدەی لە سەرییەتی پێت دەڵێ‌ كە ئەو دەرمانە بە كۆنترۆڵی دەرمان دەرچووە یا نا و پێویستی بە وردبوونەوەی زۆر نییە و بەبێ‌ مەترسیی دەتوانی بەكاری بهێنێ‌، لە دوو مانگی داهاتوو دوا دەرفەتە كە دەرمانخانەكان ستیكەر بخەنە سەر دەرمانەكانیان.
  • هەماهەنگیتان لەگەڵ بەغدا چۆنە بەتایبەت لەڕووی هێنانی دەرمان؟
  • ئەوەی بەغدا دەیكات، تەنیا بەخشین نییە بەڵكو مافە و دەبێت بیدات بە خەڵكی كوردستان، بەڵام تەواوی پێویستییەكان دابین ناكەن و بە نزیكەی 50%ی پێویستییەكان لە بەغداوە دێن و هەندێك پێویستی 1%ی لە بەغداوە نایەت بەتایبەتی دەرمانی شێرپەنجە، ئێستە 70%ی دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا هەیە.
  • كەرتی تەندروستی لە سلێمانی هەندێك نیگەرانی هاووڵاتییانی لەسەرە، ئێوە ئاگەداری ئەوەن؟
  • كەرتی تەندروستی لە سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆییەكانیش هیچ جیاوازی نییە و هەمان ڕێنوێنی و نووسراو بۆ هەموویان دەردەكرێن هیچ جیاوازییەكی نییە و بەشی دەرمانیش ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دەدرێتە پارێزگاكان و هەرگیز نەبووە وەزارەت دەرمانێكی بەغدا وەرنەگرێت و بیگەڕێننەوە، بۆیە دەمەوێ‌ بڵێم وەزارەت دەرمانی بەغدا دابەش ناكات و ڕاستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاكان، بۆ كوردستانیش حەوت ملیار دینارمان هەیە و دابەش دەكرێ‌، تەنیا نیگەرانی خەڵكی سلێمانی ئەوە بوو بانكەكان پارەی تێدا نەبوو بیدەن بە دەرمان و ئەوەیش چارەسەر كرا.
  • هەماهەنگیتان لەگەڵ چەند بۆردی پزیشكی هەیە؟
  • لەگەڵ سێ‌ بۆرد هەماهەنگیمان هەیە كە بۆردی عەرەبی 22 وڵاتە و بۆردی عێراقی و بۆردی كوردستان تا پزیشكەكانمان بتوانن ئاستی زانستی خۆیان بەرز بكەنەوە، هەروەها وڵاتی ئوردن توانی متمانە ببەخشێ‌ بە نۆ نەخۆشخانەی كوردستان و ئێستە بۆردەكانیان لێرە دەوام دەكەن و پزیشكەكانی ئێمەش دەچن لەوێ‌ كار بكەن، پێوەندییەكی تەندروستیی گەورمان لەگەڵ وڵاتان هەیە كە ئەوە لەسەردەمی كۆرۆناوە بەردەوامی هەیە و پێویستی تەندروستی و كەلوپەل وەردەگرن، هەروەها هەماهەنگیمان لەگەڵ دەوڵەمەند و خێرخوازانی كوردستانیش هەیە كە ڕۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی كەرتی تەندروستی. پرسیارێك هەیە كە بۆچی كەرتی تەندروستی لەسەر خێرخوازی دەژیت؟ بەڵام وەڵامەكەی ئەوەیە كە من ئەوكاتەی لە جنێف بەشدار بووم لە كۆنگرەیەك ئامانجی ئەوە بوو هاوكاری كۆ بكاتەوە بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی، بۆیە كە ئەو رێكخراوە هاوكارییەكی ئێمە دەكات ئەوەیە كە لە خێرخوازییەوە دەیهێنێت، بۆیە كۆكردنەوەی هاوكاری لە خێرخوازان شەرم نییە و ئەركەكە تەنیا لەسەر حكوومەت نییە.
  • خەڵك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نیگەرانن، ئێوە چیتان كردووە؟
  • ئێمە هاتین رێكمان خستنەوە، پێشتر نەخۆشخانەی ئەهلیی هەبوو مۆڵەتی نەبووە، من خۆم لەگەڵیان كۆبوومەتەوە و ڕێنوێنی و مۆڵەتمان بۆ دەركردوون و پزیشك لە ئەهلیی بێت نابێت بەرپرسیارییەتی لە حكوومەت هەبێت، ئێستە نەخۆشخانە ئەهلییەكان میلاكیان هەیە، پێشتر پزیشك هەبوو لە سێ‌ نەخۆشخانەی ئەهلیی كاری دەكرد، ئێستە ئەوە نەما، بابەتی نرخ خەڵك لێی ناڕازییە، ئێستە خەریكی رێكخستنەوەین و 20%ی داشكان بۆ نرخەكانی دەرمان كراوە لەكاتێكدا هەموو شتێك گران بووە، لە 800 جۆری پشكنینی تاقیگەكەی 15% داشكێنراوە كە هەموو ئەوانە لە ڕێی پەیڕەوێکەوە رێكخراوە.