پێکهاتەکانی کەرکووک هەڵوێستی پارتی بۆ تەبایی و برایەتی لە کەرکووک بەرز دەنرخێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و ١٤ پارێزگای عێراق دەستی پێکردووە، لە سنووری پارێزگای کەرکووک دوو سەد و سی و چوار کاندید لەسەر شازدە کورسی کێبڕکێ دەکەن. کاندیدانی پارتی لە کەرکووک بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانی بانگەشە دەکەن. بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: لە ڕۆژانی داھاتوو پارتی بەشێوەیەکی بەرفراوانتر لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی بەشدارە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەست بە بانگەشە دەکات. دەشڵێ: پارتی بە هێزێکی جەماوەرییەوە دابەزیوەتە ناو ھەڵبژاردنەکان و چاوەڕوانی دەرەنجامی زۆر باشین، ھەوڵی پارتییش لەو ھەڵبژاردنەدا گەڕانەوەی زۆرینەی دەنگی کوردە بۆ پارێزگای کەرکووک و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەکەیە.

پارتی بانگەشەی ھەڵبژاردن فراوانتر دەکات
نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، ڕایگەیاند: بەپێی ئەو وادەیەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دیاری کردبوو بانگەشەی ھەڵبژاردن لە عێراق دەستی پێکردووە و کاندیدانی پارتی لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی بەشدارە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستی بە بانگەشە کردووە و تا کۆتایی پرۆسەکە بەردەوام دەبین لە بانگەشە بۆ لیست و کاندیدانی پارتیمان لە ھەموو ئەو ناوچانەی بەشدارین لە ھەڵبژاردن، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەشێوەیەکی فراوانتر کەمپینی ھەڵبژاردن ڕادەگەیەنین و بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دەچینە ناو خەڵک. ھەموو کاندیدانی پارتی لەوە ئاگادار کراونەتەوە بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بانگەشە بەڕێوە ببەن و پارتی پابەندە بە یاسا.
شازدە ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە
زیاتر لە شازدە ملیۆن ھاووڵاتی لە پازدە پارێزگای عێراق مافی دەنگدانیان بۆ دیاریکردنی ٢٧٥ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەیە، ٧٥ کورسی لەو ٢٧٥ کورسییە کۆتای ژن و ١٠یان کۆتای پێکھاتەکانن.
ھەڵبژاردنێک لە دوای ١٨ ساڵ
یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠١٣ـەوە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، کە بەھۆی شەڕی داعش، خۆپێشاندانی ھاووڵاتییان، سڕکردنی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو ھەڵبژاردنە نەکراوە، لەدوای ١٨ ساڵیش ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکرێت، ناکۆکی لەبارەی تۆماری دەنگدەران و دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکان لە حکوومەتی خۆجێی وای کرد لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ھیچ ھەڵبژاردنێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا لەو پارێزگایە نەکرێت.
عەلی عەباس، وتەبێژی نووسینگەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک، ڕاگەیاند: لە کەرکووک دە ھاوپەیمانێتی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن، بە گشتی دوو سەد و سی و چوار کاندید لە ھەڵبژاردنەکە بەشدارن.
کاندیدانی پارتی بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانی بانگەشە دەکەن
ئارەزوو جەبار، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: کاندیدانی پارتی لە کەرکووک دەستیان بە بانگەشە کردووە و ئۆفیسمان لە شاری کەرکووک کردووەتەوە و کاندیدانی پارتی بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانییەوە بانگەشەی خۆیان بەڕێوە دەبەن و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانییش کاندیدانی پارتی بەشێوەیەکی زۆر سەردەمیانە ھەڵمەتی بانگەشە بەڕێوە دەبەن، سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی لە کەرکووک گرنگە، چونکە سەرکەوتنی پارتی واتا سەرکەوتنی کورد لەو پارێزگایە. گومانی تێدا نییە پارتی سەرکەوێت کۆتایی بە ئیدارەی خۆسەپێنی کەرکووک دێت، بۆیە پەیامی من بۆ خەڵکی شاری کەرکووک ئەوەیە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و لیستی ١٩٧ ھەڵبژێرن، چونکە ئەو ھەڵبژاردنە چارەنووسی کەرکووک دیاری دەکات، بۆ ئەوەی چی دیکە ئەو شارە بە سەربازگە نەمێنێت.
چاوەڕوانی دەرەنجامی زۆر باشین
سامان ڕەشید، ڕێگەپێدراوی لیستی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: بە ھێزێکی زۆری جەماوەرییەوە دابەزیوین بۆ ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک و چاوەڕوانی ئەنجامی زۆر باش دەکەین، لە ئەگەری زۆرینەمان لە ئەنجوومەنی پارێزگا، پارتی ئیدارەی شارەکە وەردەگرێت، لەو چوارچێوەیەشدا پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرین و ھێز و شکۆ و ئیرادەی پێکەوەژیان لە کەرکووک دووبارە دادەڕێژینەوە و پارێزگاری کەرکووکیش بەمافی خۆمانی دەزانین و ھەوڵی بۆ دەدەین، چاوەڕوانین کورسی زۆر بەدەست بێنین.
دەشڵێ: وەکو پارتی ژمارە ١٩٧ـمان پێدراوە و ٣٠ بەربژێرمان ھەیە، ڕکابەری بەدەستھێنانی زۆرترین کورسیی دەکەین و لە %٣٠ی ڕێژەی ئافرەتمان ڕەچاوکردووە، لەناو بەربژێرەکانی ئێمە نەتەوەی عەرەب و تورکمانیشی تێدایە و لە ‌کەسانی پسپۆر و شارەزا و خاوەن ئەزموون و کەسایەتی؛ بەربژێرەکانی ئێمە گوزارشت لە کۆمەڵگەی کەرکووک دەکەن بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە،‌ چاومان لەوەیە زۆرترین ڕێژەی کورسی بەدەست بێنین، بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ئەنجوومەنی پارێزگا زۆرینەی ئەنجوومەن پارێزگار و ھەردوو جێگرەکەی ھەڵدەبژێرێت، لە ‌کۆی ١٦ کورسیی کەرکووک، یەک بۆ پێکھاتەکانە، کێ لەناو ئەنجوومەن زۆرینە ‌بێت، دەتوانێت پارێزگار دیاری بکات.
لە کەرکووک پۆستەری کاندیدەکانی پارتی دەشێوێندرێن
دەیان پۆستەری کاندیدانی پارتی لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی کەرکووک شێوێندراون. د. محەممەد خورشید، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: زۆربەی پۆستەرەکانمان شێوێندراون و دڕێندراون، دەستی ھەر کەس و لایەنێکی لە پشت بێت ئەمە ئیفلاسی سیاسییە و ڕاگەیاندنی دۆڕانی خۆیان دەکەن، بۆیە داوا لە دەنگدەر و لایەنگرانی پارتی دەکەین ئەم کردەوانە ساردتان نەکاتەوە لە بانگەشە کردن بۆ کاندیدەکانتان. ئێمە پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژناکەین، ھەرچەندە ئەو جوڵانە لای ئێمە ئاشکران، بەڵام ئەوە جێدەھێڵین بۆ یاسا و بڕیاری دروستی لەسەر بدات، دەمانەوێت شەڕی سیاسی و دیموکراسی وەکو خۆ بکەین، بە دڕاندنی پۆستەر ئەو شەڕە ناکرێت، ئێمە بەبێ پۆستەریش بەشداری بکەین، ھەر براوەین لە شاری کەرکووک، چونکە ئێمە ھەڵگری بەرنامەیەکین بۆ خزمەتکردنی کەرکووکییەکان، بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شاری کەرکووک، لادانی ئەو ھێزە سەربازییە لەناو شارەکە و گەڕانەوەی شکۆیە بۆ خەڵک و دامودەزگاکان بەتایبەت.
عەلی عەباس، وتەبێژی نووسینگەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک، دەشڵێ: کۆمەڵێک پێشێلکاری لەلایەن کاندید و ھاوپەیمانێتییەکان کراوە، لەلای ئێمە تۆمارکراون و ناردوومانە بۆ کۆمیسیۆن.
گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گرنگە و کاریگەری خۆی دەبێت
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: ڕاستە بە جەستە لە کەرکووک دوور بووین، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵ کەرکووکییەکان بووین، گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گرنگە و کاریگەری خۆی دەبێت و ھێزێکی دیکە دەداتە خەڵکی شارەکە.

ھەواڵی زیاتر