لە ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆکەیان، سەرۆکی زانکۆی دهۆک سوپاس و پێزانینی بە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا بەخشی

لە میانی ڕێورەسمی سی و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی دهۆک د. داود ئەتروشی سەرۆکی زانکۆی دهۆک، خەڵات و سوپاس و پێزانینی تایبەتی بەخشییە زیاد رەئووف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، لەپای پشتگیری و هاوکاریکردنی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی خوێندنی باڵا و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆی دهۆک و زانکۆکانی تری کوردستان لەگەڵ زانکۆکانی پۆلۆنیا. ئەمەش بۆتە هۆکار، کە بە دەیان قوتابی هەرێمی کوردستان درێژە بەخوێندنیان بدەن لە زانکۆکانی وڵاتی پۆڵۆنیا بتوانن بڕوانامەی باڵا لە بوارە جیاجیاکان بەدەستبهێنن.

دەستپێکی ئەم پەیوەندییانەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣، خۆشبەختانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە لای خۆیەوە زیاد رەئوف, بەهۆی ئەوەی نەیتوانی ئامادەبێت لە ڕێورەسمەکە بە کورتە ڤیدیۆیەک باسی سەرەتایی بونیاتنان و دامەزراندنی ئەو رێککەوتننامانەی نێوان زانکۆکانی پۆلۆنیا و هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بە ڕۆلی بەڕێز د. عسمت خالید کرد لە پرۆسەی دروستکردنی پەیوەندییەکان.

هەروەها زۆر سوپاسی بەڕێز د. داود ئەتروشی و گشت دەستەی سەرۆکایەتی و کارمەندانی زانکۆی دهۆکی کرد بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە پێناو خزمەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و بەڵێنی دا کە بەردەوام دەبێت لە کار و هەوڵەکانی بە مەبەستی زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.