هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دواى بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بە بەخشینى دیارى بەسەر دانیشتوانى گوندى ڕەشکین، کارەکانى لیژنەى پارێزگا بە کۆتاهات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.11.5، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە بەخشینى دیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەسەر دانیشتوانى گوندى ڕەشکین و تەواوکردنى جووت سایدى ڕەشکین و دروستکردنى پارکێک لە نزیک شەقامەکە، کە شەقامێکى سەرەکى و گرنگ و ستراتیژییەو جوانییەکی زۆریشى بە هەولێرى پایتەخت بەخشیووە، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى پارێزگا ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، بە ناوى وەزیرى شارەوانى و پارێزگاى هەولێر دەستخۆشى لە قائیمقامى ناوەند و سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى شارەوانى شەش و سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى پارێزگا کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان و چارەسەرکردنى هەر کێشە و گیر و گرقتێک کە لەو پرسەدا هەبووبێت، هەروەها سوپاس و ستایشى بڕیارى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بە بەخشینى دیارى جەنابیان بەسەر دانیشتوانى گوندى ڕەشکین کە لە دوو باشترین شوێنى شارى هەولێر ئەرزەیان پێبەخشراوە.

لە کۆتایی کۆبوونەکەشدا، پارێزگارى هەولێر دواى بڕیارى بە کۆتاهێنانى کاروبارەکانى لیژنەى ناوبرا، جارێکى تر جەختى لە پەلەکردن لە جێبەجێکردنى پڕۆژەى پارکى ڕەشکین کردەوە کە بڕیارە لەمنزیکانە دەستى پێبکرێت، کە جگە لە نیشاندانى سیمایەکى جوان و سەردەمیانە و شارسیتانیانە بە ناوچەکە و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، هۆکارێکیش دەبێت بۆ زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و پاککڕاگرتنى ژینگە و خزمەتێکى زۆریش پێشکەش بە هاوڵاتییانى شارەکەمان دەکات.