وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێکهاتەکانی کۆمەڵگە رۆڵێکی سەرەکی لە رووبەرووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەبینن. رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێت: کابینەی نۆیەم شەڕێکی گەورەی بەرامبەر بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستپێکردووە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-11-2023، بەشی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پانێڵێکی تایبەتی بە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرکان لەژێر ناونیشانی “ماددەی هۆشبەر، ئەنفالێکی تر” بە بەشداریی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رێکخست.
وەزیری تەندروستی: پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگە رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پانێلەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: “رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە بەرەنگاربوونەوە و رووبەرووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. بەپێی ئەم یاسایە دەبێت سەنتەری چارەسەری و سەنتەری شیاندنەوەمان هەبێت لە رووی کۆمەڵایەتییەوە. بۆ ئەوەی ئەو کەسە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بگەڕێتەوە ناو خێزانەکان. لەهەمان کاتدا لەکاتی شیاندنەوەشدا پێویستە چارەسەریی پێویستی بۆ بکرێت”.
سامان بەرزنجی گوتیشی: “بەپێی ئەو یاسایەی داڕێژراوە ویستوومانە نەخۆش و تووشبوو لەیەکدی جیابکەینەوە. بۆیە ئێستا لە هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بنکەی تەندروستی هەیە کە چاودێریکردنی ئەو کەسانەی لە ئەستۆ گرتووە کە بە تۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون. بەڵام لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، پێویستە ئەم کەسانە شیاندنەوەی کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەرنامەیەکی باشمان داناوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیشیکردەوە، “یەکەمین یاسا لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2020 لەسەر بابەتی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێکرا، کە لە حەفت بەش و 50 ماددەی یاسایی پێک دێت، هەروەها ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ زۆر لایەنی حکومی و ناحکومی هەیە، دەشڵێت: یاساکە دوو بەشی گرنگی تێدایە، بەشێکیان چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و رێگریکردن لەماددە هۆشبەرەکان ولایەنی چارەسەرییەکەیتی، بەشی دووەمیش لایەنی دادوەری و سزایە”.
سامان بەرزنجی جەختی کردەوە لەوەی: “کێشەی یەکەم و سەرەکیی ماددە هۆشبەرەکان ئەوەیە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و تاکەکان هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر ئابووری و ئاسایشی هەموو وڵاتانیش هەیە. لەلایەنی تەندروستیشەوە، بەکارهێنەری ئەو ماددانە تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی گوازراوە دەبێت، ئەمە جگە لەوەی تاوانێکی نێودەوڵەتییە”.
دیندار زێباری: بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر مەترسییەکە رووبەڕووی هەموومان بووەتەوە
دیندار زێباری، رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانیدا لەمیانی پانێلەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، “حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای ژمارەی یەکی ساڵی 2020ی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكانی دەركرد و لیژنەیەكی باڵاش بە سەرۆكایەتیی وەزیری تەندروستی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهێنرا بۆ خۆپارێزی لە مادە هۆشبەرەكان”.
وەکو ئەوەی دیندار زێباری ئاماژەی پێ دا، “پێشتر تەنها هەرێمی کوردستان تەنها وەکو رێگەیەک بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرکان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەکاردەهێندرا، بەڵام ئێمە ئێستا وەکو هەرێمی کوردستان بەکارهێنەر، بەرهەمهێنەر و گوازراوەی ماددە هۆشبەرەکانیشین. واتا بەداخەوە هەرسێ قۆناغەکانمان تێپەڕاندووە. ئەمەش لە ڕاستیدا مەترسییەکە و رووبەڕووی ئێمە و هەموو جیهان بووەتەوە”.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، کابینەی نۆیەم شەڕێکی گەورەی بەرامبەر بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستپێکردووە و لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. گوتیشی، “عێراق تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەداوە”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: “لە ساڵی 2014 تاوەکو 2019 لە هەرێمی کوردستان کەیسەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر نەدەگەیشتنە 100 کەیس، بەڵام لەدوای ساڵی 2019 بۆ ئێستا ئامارەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار.” گوتیشی: “ئەوانەی ئێستا لە ناوەندەکانی چاکسازی و دەزگا ئەمنییەکان دەستگیرکراون ژمارەیان سەروو چوار هەزار کەسە کە زیاتر لە نیوەی ژمارەی زیندانیانی ناو چاکسازییەکان پێکدەهێنن و زۆربەیان گەنجن. بەدەر لەم ژمارەیە بە هەزاران خەڵکی دیکەش هەن لە هەرێمی کوردستان کە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون.”
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد: “پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان، ناسەقامگیری سنوورەكان، هەروەها بوونی گرووپە چەكدارەكان، وایكردووە ماددەی هۆشبەر بە ئاسانی بڵاوببێتەوە.” گوتیشی، ” پێویستە مامۆستایانی ئایینی و توێژینەوەى زانستى و دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵیان هەبێت بۆ هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە لە رووبەڕووبوونەوە و مەترسییەکانى مادەى هۆشبەر”.
رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پاڵپشتی لە حکومەتى فیدراڵی دەکات بۆ ئەوەی هاوکاربن لەگەڵیان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان و ئاماژە بەوە دەدات: “بەپێویستى دەزانین کە لایەنى نێودەوڵەتیش بەتایبەت نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مادە ھۆشبەرەکان و تاوان رۆڵیان هەبێت و هەنگاوى کردارى بنێن لەمبارەیەوە.”
حوسێن نامیق: یاسای ماددە هۆشبەرەکان کەموکورتی تێدایە
لەلایەن خۆیەوە لیوا حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “هێزە ئەمنییەکان بەرپرسیارەتییەکەیان بەرامبەر بە بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بەجێگەیاندووە. ئەوانەی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، هەندێک مامەڵەی ئەمنییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر. بۆ نموونە بۆ ماوەی شەش تا حەوت مانگ دەستگیردەکرێن. لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەو بەکارهێنەرە لە ماددە هۆشبەرەکان پاک دەبێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو کەسەی لەلایەن ئێمەوە دەستگیردەکرێت، بەڵام دواتر دادگا بەبڕیاری دادوەر ئازادی دەکات، دەگەڕێتەوە سەر بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دیسان تووش دەبێتەوە و دووبارە دەستگیردەکرێتەوە. ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەسەر شەقامەکان نەکەوێت و نەبێتە ئالوودەی تەواو. وەکو ئالوودەبوو، رێژەی ئالوودەبووی تەواو لە هەرێمی کوردستان کەمە”.
گوتیشی: “ئەو یاسایانەی ئێستا لە عێراق هەن لەبارەی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، لە خزمەتی ئەواندان بۆیە رێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەو ماددانە هەڵکشاوە. ئامانجی یەکەمی ئەو یاسایانەش، هەڵوەشاندنەوەی خێزانە. شەپۆلێکی جیهانی کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەکات و هەموو شتەکانی لە رووی یاساییەوە بۆ رێکخستووە. ئەگەر سەیری ئاماری دادگاکان بکەین، دەبینین هۆکاری زۆرینەی حاڵەتەکانی جوودابوونەوەی هاوسەران، ماددە هۆشبەرەکانن”.
روونیشیکردەوە: “بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەماهەنگی باشمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددەی هۆشبەری بەغدا دروستکردووە، زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەین و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەین، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سلێمانیش هەماهەنگیمان هەیە، چونکە رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دوورە لە سیاسەت”. ئاماژەی بەوەشدا، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و لە مەترسی و زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان گرنگترین شتە و پێویستە لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن کاری بۆ بکرێت
ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان، ئیشمان لەسەر ئەوە کردووە خستنەڕوو و خواستی ماددە هۆشبەرەکان کەم بکەینەوە، چونکە بازرگانی ماددەی هۆشبەریش بازرگانی پێوە دەکرێت، نرخی ماددەی هۆشبەرمان لە سەدا 400 کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی خواستی لەسەر نەبێت، زۆرترین بازرگانمان دەستگیرکردون، ستراتیژیەتی کارکردنمان لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانەکان و هوردەفرۆشەکان، ئەوەی دەفرۆشێ و خەڵک تووش دەکات ئەوانە مەترسیدارن، زۆرترین کێشەکانی ناو شار ئەوانەی تەقە دەکەن و کێشە دروست دەکەن و کاری نەشیاو هوردە فرۆشەکانن، دەستگیرکردنیشیان زەحمەتترە و زۆربەی جار رووبەڕووبوونەوە دروست دەبێت، بەڵام دەستگیرکردنیان وایکردووە خستنەڕووی ماددەی هۆشبەر کەمبێتەوە، بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە بازگەکان بۆمان دێت لەم ماوەیەدا تووشبووی نوێی ماددەی هۆشبەرمان نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەستیان ناکەوێت”.