كۆمەڵە گەنجێك لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە هۆشیاریی ژینگەدۆستی بڵاو دەكەنەوە

پرۆژەی زیرۆوەیست پرۆژەیەكی قازانجنەویستە کە ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لە كۆمەڵگەكەماندا؛ بە تایبەت کە ئێستا گۆڕانی كەشوهەوا بووەتە کێشەیەکی گەورە و، كارەساتی ژینگەیی بەرۆکی هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهانی گرتووە.

ئەڤین غازی شێروانی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری پرۆژەی زیرۆوەیست لەگەڵ كۆمەلێك گەنجی تر هەڵساون بە دامەزراندنی ئەم پرۆژەیە بۆ ئەوەی كە گۆڕانكاریەكی ئەرێنی لە كۆمەلگەی كوردی دروست بكرێت و، ئەو كۆمەڵە گەنجە دەیانەوێ دەستپێشخەر بن لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكەكانمان سەبارەت بەم بابەتە.
(ئەڤین غازی شێروانی) لە دیمانەیەكی لەگەڵ (هەولێر) باسی گرنگیی پرۆژەكە و سنوورەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكات و دەڵێت: ئێمە خۆبەخشانە چەندین چالاكیی جۆراوجۆرمان کردووە وەكو هەڵمەتی چاندنی نەمام و چەندین وۆركشۆپ و سیمینارمان کردووە لە قوتابخانە و كۆلێژەكانی هەرێمی كوردستان بۆ وشیاركردنەوەی منداڵ و گەنجەكان چونكە داهاتوو و پێشكەوتنی هەر وڵاتێك بەستراوەتەوە بە وشیاری و لێزانی گەنجەكانی ئەو وڵاتە هەربۆیە من بە پێویستی دەزانم گەنجەكانمان لە هەموو بوارێكدا بگەن بە ئاستێكی بەرز؛ هەروەها لەگەل كۆمپانیایەكی مردەوژیکردن (ریسایكلینگ)دا رێك کەوتین و، هەڵساین سەتڵی تایبەتمان لە شوێنە گشتیەكاندا دانا كە زبڵ و پاشماوە و پاشخوان لێک جیان بكرێتەوە؛ شووشە بە جیا و پلاستیك بە جیا، بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەیان لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە. بەم دواییانە كورتەچیرۆكێكمان بڵاو كردەوە بۆ قوتابیانی سەرەتایی بە ناوی سەركێشیەكانی دارستان بۆ قوتابیانی تەمەن ٧ بۆ ١٢ ساڵان كە بە شێوەیەكی زۆر جوان داڕێژراوە ئەو كەسەی كە دەیخوێنێتەوە خۆی بەشدارە لە چیرۆكەكەدا بۆ ئەوەی ئەوانیش رابێن لەسەر ژینگەپارێزی و گرنگی بە ژینگەی كورستان بدەن؛ خۆشیان بوێت؛ هەڵبەتە من دەمەوێت باسی ئەوە بكەم ئاستی رۆشنبیری تاكەكانمان سەبارەت بەم بابەتە لە تەشەنەكردندایە و چاوەڕوانی ئایندەكی گەشم بۆ كوردستان و زیاتر كارەكانمان لە هەرێمی كوردستاندایە بەڵام گەر دەرفەتمان بۆ بڕەخسێت و پشتگیریمان هەبێ دەمانەوێ لە سەرتانسەری عیراقیشدا چالاكیمان هەبێت و بەردەوام بین.
سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ لەمپەرە ژینگەییەكان بەڕێوەبەری پرۆژەكە دەڵێت: ئێمە وەكو زیرۆوەیست خۆبەخشانە هەوڵ دەدەین كە كۆمەڵگاكەمان هۆشیار بكەینەوە لەسەر (بەفیڕۆنەدانی ئاو و خۆراك و زیادكردنی رووبەری سەوزایی و سەوزەڵانی لە كۆمەڵگەكەماندا) بۆ دەستەبەركردنی ژینگەیەكی تەندروست بۆ هەموان، هەروەها عێراق لە رێزبەندی پێنجەمدایە لە بەركەوتنی بە زیانەكانی گۆڕانی كەشوهەوا وەكو وشكەساڵی كە یەكێكە لە گەورەترین قەیرانەكان و دەركەتنی نەخۆشی و بوونەبیابانی زەوی كشتوكاڵی و، لەناوچوونی ئاژەڵەكان.
(ئەڤین غازی) سەبارەت بە بەوەی كوردستان سەرەڕای هەبوونی چیا و دۆڵ و دەشتایی و رووبار، هەڵسەنگاندنی ژینگەیی چۆن بۆ دەكرێت دەڵێت: بە رای من ئێمە خاوەنی سروشتێكی جوان و دڵڕفێنین و خاكێكی بەپیتمان هەیە كە دەتوانین لە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری زۆر بە پێش بكەوین بەڵام پێویستی بە هیمەتێكی گشتی هەیە كە حكومەت و سەرمایەداران پێویستە هاوكاری بن لەم بابەتە هەلبەتە من دەمەوێت جەخت لەوەش بكەمەوە كە جێگای دڵخۆشیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جدی كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات وەكو دروستكردنی چەندین بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو كە ژێرخانێكی باشە بۆ كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری؛ هەروەها هەڵساوە چەندین كارگەی دروست کردووە بۆ ئەوەی بەروبوومی ناوخۆیی بەتایبەتی كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری ساغ بكرێتەوە و بە شێوەیەكی بێوەی و بێمزەڕەت بگاتە دەست كڕیاران و هاونیشتمانیانی خۆشەویست.
سەبارەت بە پێشنیارەكانی پرۆژەی زیرۆوەیست ئەڤین دەڵێت: هیوادارم هەموو لایەك كۆشش بكەین كە تاكەكانمان وشیار بكەینەوە لە پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، هەروەها من بەتایبەتی ژینگەپارێزی و خۆشویستنی ژینگە لە ناخمدایە و لە باب و باپیرانمان و رێبەرەكانمانەوە فێر بووم بۆ نموونە ئەگەر تێبینی دەڤەری بارزان بكەین، شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانی نەمر و و ئێستاش سەرۆك مەسعود بارزانی، هەمیشە جەختیان كردۆتەوە لەسەر ژینگەپارێزی و ژینگەدۆستی و، لەسەر راسپاردەی ئەوان تاوەكو ئێستاش خەڵكی ئەم دەڤەرە بەهیچ شێوەیەک ئاژەڵە كێویەكان راو ناكەن و ژینگەكەیان دەپارێزن؛ هەروەها هیوادارم حكومەت و كەرتی تایبەت زیاتر لە جاران پشتگیری لە پرۆژەی گەنجەكان بكەن بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانن خزمەتێكی باشتری كۆمەڵگاكەمان بكەین؛ هەر ئاوەدان بێت كوردستان.

ھەواڵی زیاتر