ئەندامێکی مەکتەبی رێکخستنی کەرکوک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەرەڕای ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە کاندیدانی ئێمە لە کەرکووک دەکرێت، بەڵام ئێمە بە گەرموگوڕتر لە بانگەشە بەردەوام دەبین.
ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی کەرکوک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لوقمان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێمە وەک مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک چاودێرییەکی وردی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکەین و کاندیدەکانمان بەردەوامن لە بانگەشەی هێمنانەی خۆیان و خەڵکیش پێشوازییەکی زۆر باش وگەرمیان لێ دەکەن، بەڵام بەداخەوە هەندێک خروقات هەیە و پۆستەر و ریکلامەکانی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشێوێنن و لێدەکەنەوە، کە ناحەزانی پارتین، بۆیە ئومێد دەکەین ئەو کارە رابگرن و کارێکی نەشیاوەو لەجێی خۆیدا نییە، سەرەڕای ئەوەش کاندیدەکانی ئێمە لە کۆڕوکۆبوونەوە و سەردانی ماڵان و بانگەشە بەردەوامن، ئێمە بەردەوامین و ئەم خروقاتانە لە ھەڵبژاردن ساردمان ناکاتەوە.
دەشڵێ، ئەو گەرموگوڕییەی پارتی و، ترسی نەیاران لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک وایکردووە پێشێلکاری دژی کاندیدانی ئێمە ئەنجامبدرێت، چونکە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی شکۆیە بۆ ئەو شارە کوردستانییە و ڕەنگە بارەگاکانی خۆمان لە ماوەیەکی نزیکدا بە شێوەیەک لە شێوەکان وەرگرینەوە، ئەمەش ترسێکە کە نەیاران لایان دروستبووە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین و بە وردی چاودێری رەوشی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک دەکەین