پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کاندیدێکی پارتی: هیچ شتێک لە کەرکووک ناتوانێ رێگریمان لێبکات

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، دەڵێت: ئێمە خەڵکی کەرکووکین بەبێ پۆستەریش هەر ناسراوین هیچ شتێک ناتوانێ رێگریمان لێبکات لە بانگەشە کردن، بەبێ پۆستەریش بەشداری بکەین هەر براوەین لەوشارەدا.

ئەمڕۆ عەلی نازم، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، راگەیاند: “ئێمە بەبێ پۆستەریش بەشداری بکەین، هەر براوەین لە شاری کەرکووک، چونکە ئێمە هەڵگری بەرنامەیەکین بۆ خزمەتکردن کەرکووکییەکان”.

گوتیشی: “بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شاری کەرکووک، لادانی ئەو هێزە سەربازییە لەناو شارەکە، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ خەڵک و دامودەزگاکان بەتایبەت، کە ئەوەی ئێستا وەک جاران نییە، ئەوەی لە شاری کەرکووکدا روودەدات، سیمای شاری پێوەنەماوە، بەرنامەی پارتیش گەڕاندنەوەی شارستانییەتە بۆ ئەو شارە”.

عەلی نازم، ئاماژەی بەوەشدا: “وەک کاندیدی پارتی هیچ شتێک ناتوانێت رێگریمان لێبکات، چونکە ئێمە خەڵکی ئەو شارەین، خەڵکی دەمانناسن، ئەوەشی روودەدات و دەکرێت پێشێلکاری هەڵبژاردنەکانە بەرامبەر کاندیدانی پارتی دەکرێت، بەڵام هیچ یەکێک لەم هەڵسوکاوتانە ساردمان ناکاتەوە”.

راشیگەیاند: “بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسی لەو شارە چارەنووسی کەرکووک دیاری دەکات، بۆ تەواوی کەرکووک و کورد، ئێمە دەتوانین لە رێگەی ئەو کورسییانەوە پارێزگار بۆ کەرکووک دەستنیشان بکەین، کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر شاری کەرکووک”.

لە 1/11/2023، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد، لە کەرکووک 10 هاوپەیمانێتی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەن، بە گشتی 234 کاندید لە هەڵبژاردنەکە بەشدارن و 16 کاندید وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵدەبژێردرێن.

ماوەی 45 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، 48 کاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بانگەشە رادەگیرێت.

بڕیاره‌ رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکای عێراق لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق بە بەشداری زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.