بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سنووری پارێزگای دیالە لە دانانی کاندید رەچاوی هەموو پێکهاتەکانیان کردووە و هەموو هەوڵێک دەدەن کاندیدەکانیان سەربخەن.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، راگەیاند: “وەک پارتی لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە بە لیستی سەربەخۆ ژمارە 197 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە 15 کورسی هەیە، بە پشتیوانی دەنگدەر و جەماوەرەکەمان هەوڵدەدەین کاندیدەکانمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سەربخەین”.
روونیکردەوە، پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە 15 کاندیدی هەیە 10 کاندیدی پیاو و 5 کاندیدی ئافرەت، گوتیشی: “لە دانانی کاندید رەچاوی پێکهاتەکانی ناوچەکەیان کردووە و کاندیدەکانمان لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان پێکهاتوون”.
بەرپرسی لقی 15ی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: “هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گرنگە، چونکە وەک حکومەتی بچووکراوەیە لە ناوچەکە، هەروەها بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن، پارێزگار و بەرپرسانی دیکە هەڵدەبژێردرێن”.
لەبارەی یەكڕیزی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان، گوتی: “ئێمە لە سەرەتاوە پێمان باش بوو وەکو کورد لە سنووری دیالە بە هاوپەیمانی و بە یەک لیست بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بکەین، بۆ ئەوەی ئەو سێ کورسییەی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هەیبوون بەدەست بهێنینەوە، بەڵام لایەنەکانی دیکە نەهاتنە ژێرباری داواکەمان”.