دیداری ئەم جارەی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە ساتێکی هەستیاردایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

فەرەنسا و کورد پێوەندییەکی زۆر پتەوی مێژووییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و لەو وڵاتانەیە کە لانی کەم لە نیو سەدەی رابردوودا چاکەیەکی زۆری دەرحەق بە پرسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد هەبووە. پەیوەندییەکانی پاریس و هەولێر لە دەیەی ڕابردوودا بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش هاوشێوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆی هاوپەیمان و دۆست گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و پێشبینی دەکرێ لەم دۆخە قەیراناوییەدا کە دیسان باڵی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا گێڕاوە ئەو دوو لایەنە لە ئاستێکی باڵادا جارێکی تر لەگەڵ یەکتردا کۆ ببنەوە.

ئەگەر هاتنی پزیشکە فەرەنسییەکان لە دەیەی هەشتای زاینی بۆ چیاکانی کوردستان و چارەکردنی پێشمەرگە بریندارەکان سەرەتایەکی ئەو پێوەندییانە بێت ئەوا دامەزراندنی هێڵی ٣٦ و پاراستنی گەلی کورد لە هێرشەکانی بەعس لە سەرەتای دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندییەکانی نێوان کورد و فەرەنسا هەژمار دەکرێت.

بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش
وەک ئاشکرایە دوای جەنگی یەکەمی کەنداو و ڕاپەڕین، پاریس رۆڵی زۆر گرنگی هەبوو لە دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و دوای ئەو بڕیارە بوو کە هەرێمی کوردستان کەوتە دۆخێکی ئارام و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان بۆ یەکەم جار دامەزرا. هەموو گەلی کورد وێنەی دانیال میتران هاوسەری فرانسۆ میتران سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسایان لەبیرە کە سەردانی کوردستانی کرد.
بۆ یەکەم جار لە كۆتایی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩١ میتران سەردانی هەرێمی ئازادکراوی كوردستانی كرد. لە دوا سەردانیشدا بۆ هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ٢٠٠٩ بوو، دانیال میتران لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوکاتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیی كرا، سۆز و خۆشەویستیی میتران بۆ کورد ئەوەندە زۆر بوو کە لە کوردستان بە دایکی کورد ناسرا و کۆمەڵێک شەقام و دامەزراوەی بەناو کرا.
ئەو دوو گەلە لە چەند وێستگەیەکی تری مێژوویی یار و یاوەری یەکتر بوون و ئەوەی زیاتر پەرەی بەو پێوەندییانە دا سەرهەڵدانی داعش بوو کە وەک دوژمنێکی هاوبەش جارێکی تر ئەوانی لە یەکتر نزیکتر کردەوە.

سەردانێکی مێژوویی
لە ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ بۆ یەکەم جار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، فرانسوا ئۆڵاند سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا وەک سەرۆک کۆماری یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی جیهان کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن سەرۆک بارزانی پێشوازیی لێ کرا.
فرانسوا ئۆڵاند لەسەردەمێکدا سەردانی هەولێری کرد کە هەرێمی کوردستان ببووە ئومێدی هەموو جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هیزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەوە بەرانبەر داعش دەجەنگا و لە بەرەکانی جەنگدا سەرکەوتنی زۆر گەورەی تۆمار کردبوو. ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگە ببوونە جێی سەرنجی وڵاتانی جیهان و بۆیەش وڵاتە زلهێزەکان زیاتر لە کورد نزیک کەوتنەوە و یارمەتی کوردستان و پێشمەرگەیان دا.
لەو کاتەوە پێوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان پتەوتر و بەهێزتر بوون و هەر ئەوەش وای کرد لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ فرانسوا ئۆڵاند بە یاوەری شاندێكی حكوومەتی فەرەنسا دیسان سەردانی هەرێمی كوردستان بکات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەوکاتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ بکرێت.
هەر لەو ساڵەدا سەرۆکی فەرەنسا بانگهێشتی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاریس و لە ٢١ی شوبات لە کۆشکی ئێلیزێ، فرانسوا ئۆڵاند پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد.

فەرەنسا جارێکی دیکە فریای کوردستان کەوت
لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم کرا کە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد بەڵام دواتر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وای کرد مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و وڵاتان گەمارۆی توند بخەنە سەر هەرێمی کوردستانەوە.
ئەو کات فەرەنسا یەکەم وڵات بوو کە دەرگای دیپلۆماسی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا کردەوە و پێشوازی لە کورد کرد. هەڵوێستەکانی فەرەنسا لەو کاتەدا کە تازە چەند مانگێک بوو ئیمانوێل ماکرۆن بە دەسەڵات گەیشتبوو هاوکار بوو لە لابردنی گەمارۆکان لەسەر هەرێمی کوردستان و دووبارە هەرێمی کوردستان هەستایەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەریش لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئێستەی فەرەنسا هاتە کوردستان و ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی لە هاوکاریکردنی هیزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
ئەو کات چەند مانگێک بوو ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشابووەوە و ئەو دڵەڕاوکێیە لە هەرێمی کوردستان هەبوو هاوشێوەی ئەفغانستان هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بکشێنەوە بەڵام ماکرۆن بۆ دڵنەوایییکردنی گەلی کورد هاتە کوردستان و گوتی ئەگەر ئەمەریکاش لێرە بکشێتەوە ئەوان ناکشێنەوە و باسی لە پەرەپێدانی هاوکاریی سەربازی و پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بنبڕکردنی تیرۆری کرد.
کورد پێوەدنییەکانی خۆی لەگەڵ فەرەنسا لە هیچ قۆناغێکدا نەپچڕاندووە و چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی دیپلۆماسی و تەنانەت ڕۆشنبیری پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بوون.
ڕوانگەی فەرەنسا بەرانبەر هەرێمی کوردستان وەک ئەوە وایە لەگەڵ وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵە بکات. کاتێک سەرۆکەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسایان کردووە وەک سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ پێشوازییان لێ کراوە و ڕیز لە ئاڵای کوردستان گیراوە و سەرۆکی فەرەنساش کاتێک هاتووەتە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی زۆر شاهانەی لێ کراوە . ئیتر دۆستایەتییەکە گەیشتووەتە ئاستی بەیەکەوە لکانی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەل .

پێوەندیی ئابووری
فەرەنسا لە دەیەکانی رابردوودا زیاتر لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق رۆڵی بینیوە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا وێڕای تۆکمەترکردنی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، پڕژاوەتە سەر زۆربەی کەرتەکانی ئابووری و جێپەنجەی ئەو وڵاتە لەو کەرتەدا زیاتر بەدیار دەکەوێت.
پێوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لە قۆناغی دووەمدا زیاتر لەگەڵ چیندا بووە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتانە تەنراون. کردنەوەی دەروازەکانی ئابووری و بازرگانی و پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان هۆکار بووە لەوەی وڵاتانی خۆراوا لە هەرێمی کوردستان تەنیا ڕۆڵی دیپلۆماسی نەگێڕن بەڵکوو لە بواری ئابووری و بازرگانیشدا ڕۆڵ ببینن.
دوو ساڵ لەمەوبەر ژووری ئابووری کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر ڕایگەیاند کۆی قەبارەی وەبەرهێنانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جگە لە نەوت زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە کە پشکی شێری بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
ژمارەی ئەو کۆمپانیا فەرەنسییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٥ کۆمپانیان کە زیاتر لە بواری پێوەندییەکان، پیشەسازی چیمەنتۆ و بازرگانی کار دەکەن. هەر یەک لە کۆمپانیاکانی تێلێکام، لافارژ و کارفوور لە گرنگترین کۆمپانیاکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، هەژمار دەکرێن.
جگە لە بەشی بازرگانی و پیشەسازی، فەرەنسا لە باری نەوتدا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا چالاکی هەیە. کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسا کە گەورەترین کۆمپانیای بواری نەوتی ئەو وڵاتەیە لە پارێزگای دهۆک چالاکی هەیە.
ئەو کۆمپانیایە لە کێڵگەی نەوتیی سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک خاوەنی ١٨%ی پشکەکانە و لەگەڵ کۆمپانیای hkn ی ئەمەریکی هاوبەشە و لە پڕۆژەکەدا کاری کردووە بەڵام لە مانگی ئادارەوە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی فەرەنسا راگیراوە، ئەو کۆمپانیایانەش وێڕای هەرێمی کوردستان و عێراق زەرەرمەند بوون.

گرێدانی بەرژەوەندیی
فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە مافی ڤێتۆی هەیە و بۆیەش پاراستنی دۆستایەتی کورد لەگەڵ فەرەنسا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ئێستاش ئەو دۆستایەیەتییە کە بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو گەلە بە تایبەتی لە پرسی لەناوبردنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی بە یەکتر گرێ دراون، زیاتر بەرجەستە بووە.
ماوەیەکە دیسان عێراق بە ئاشکرا ستەم لە کورد دەکات و هەنگاوەکانی لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن و تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیشی رەوانە نەکردووە و کوردی لە زۆر مافی ڕەوا بێبەش کردووە کە لە دەستووردا هاتوون، جگە لەمە گرووپە میلیشیاکان خەریکە باڵ بەسەر یاسا و سیاسەت و دامەزراوەکاندا دەکێشن و دەبن بە هەڕەشە بۆ سەر عێراق و لە ئاستی ناوچەییش شەرێکی ماڵوێرانکەر دەستی پێ کردووە و بۆیەش چاوەڕوان دەکرێت جارێکی تر کورد و فەڕەنسا لە ئاستێکی باڵادا کۆ ببنەوە و ببنە هۆکاری ئارامی و سەقامگیری .