محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنەران: ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گرنگی پێدانی زیاتر بە کەرتی وەبەرھێنان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرھێنەران دەکات لە پێدانی زەوی و بەخشینی باجی گومرکی و چەندین ئاسانکاری دیکە. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنەران، دەڵێت: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان چەندین بڕیاری گرنگ دەرچوونە بۆ ھاوکاری کردنی وەبەرھێنەران و خێراترکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان.

گەورەترین پڕۆژەی پیشەسازی کارتۆن و پاکەت لەسەر ئاستی عێراق لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان کرایەوە، پڕۆژەکە پێداویستی ناوخۆ لە کارتۆن و پاکەت پڕ دەکاتەوە و ھەناردەی بازاڕەکانی دەرەوەش دەکرێت، کە ٨٥% کرێکارانی ئەم کارگەیە لە دەستی کاری ناوخۆیین.
لە پێناو دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەھێز لە ڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە ھاوکاری وەبەرھێنەران دەکرێت لە ھەر ڕوویێکەوە بێت بیانەوێت پڕۆژەی گەورە بنیاد بنێن، کە ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی دەستەی وەبەرھێنانەوە ئاسانکاری لەڕووی باجی گومرکی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پێدانی زەوی بۆ وەبەرھێنەران دەستەبەر دەکات.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان بە بڕیاری سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی تایبەتمەند بە ئەندامیەتی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکھێنراوە پێداچوونەوە بە بڕیار و کارەکانی وەبەرھێنان دەکەن بۆ خێراتر کردنی کارەکانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و خێراکردنی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ ھەر وەبەرھێنەرێک دەکات کە پڕۆژەی وەبەرھێنانی ھەبێت لە بوارە جیاوازەکان. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، دەڵێت: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان چەند بڕیارێکی گرنگ دراون، ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرھێنانی ناوخۆیی و بیانی دەکرێت، لەگەڵ بابەتی باشترکردنی جێبەجێ کردنی یاساکانە، بەتایبەتی یاسای وەبەرھێنان، یاسای شارەوانیی، یاسای کشتوکاڵ و بازرگانیی، ئەوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشکەوتنی پڕۆسەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ھاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە زیادبوون دایە و زیاتریش دەبێت، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ پێشوازیکردن لە کۆمپانیای تازە بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی ئەنجام بدەن، سەرۆکی حکوومەتیش لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، پێویستە ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەری بیانی بکرێت، بۆیە مۆڵەتی باشیش بە ئەنجامدانی پڕۆژە دراوە و بەردەوامیش دەبین، ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن سیستەمێکی تایبەت بەخۆی لە بواری وەبەرھێنان.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٣٠٣ مۆڵەت بۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرھێنان ٧٥ پڕۆژە بووە لە کاتێکدا پێشتر ساڵانە ٥٦ پڕۆژە مۆڵەتی پێدراوە، بۆیە ئێستە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان زیادی کردووە و کار دەکەین، بۆ ئەوەی زیاتریش بێت، ئەویش لەڕێگەی ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرھێنان لەڕێگەی نەھێشتنی ڕۆتینەکان.