بڕی پارەی کارەبای موەلیدە بۆ ئەم مانگە دیاریکرا

بڕی پارەی کارەبای موەلیدە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، دیاریکرا. بە بەراورد بە مانگی رابردوو، ئەم مانگە بڕی پارەکە کەمترە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، یەکی تشرینی دووەمی 2023، قارەمان مەولود، سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تێکڕای ئیشکردنی کارەبای موەلیدە 300 کاتژمێر بووە بۆ ئەم مانگەدا. نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدەش لەنێوان 11 هەزار و 500 دینار تا 13 هەزار و 750 دینار بووە، لە شاری هەولێر نرخی یەک لیتر گازوایلیش 550 دینار بووە.

لەلایەکی دیکە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، لای خۆیەوە رایگەیاند، بڕی پارەی موەلیدە بۆ ئەم مانگە، یەک كاتژمێر بۆ ئه‌مپێرێک 45 دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان شەش هەزار و 500 بۆ حەوت هەزار دیناره‌.

راشیگەیاند، به‌هۆی جیاوازی كارکردنى موه‌لیده‌كان‌ له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌، نرخی ئه‌مپێرێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.

لە سلێمانی خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌کان بۆ مانگى داهاتوو گۆڕانکارى تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنیان لە نێوان 12ى نیوەڕۆ تا 1ى شەو، ئەگەر کارەباى نیشتمانى کوژایەوە کار دەکەن واتە لە 1ى تا 12 نیوەڕۆ کارناکەن جگە لە بەیانیان کە 6:30 تا 8:00ى بەیانى کاردەکەن.

هەروەها هەکار هروری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە نۆ هەزار و 500 دیاریکراوە، تێکڕای پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان، 200 کاتژمێر بووە، نرخی یەک لیتر کازوایلیش بۆ سەنتەری پارێزگای دهۆک 600 دینار بووە.