سەرۆك بارزانی و كونسوڵی چین پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و پەکین تاوتوێ دەکەن

سەرۆک بارزانی و كونسوڵی  چین پەیوەندییەکانی هەولێر و پەکین لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ دەکەن. لیۆ جیۆن، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی لە مێژوو و هاوكێشەكانی كوردستان و عێراق بەرز دەنرخێنێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە لیۆ جیۆن، كونسوڵی گشتیی نوێی چین لە شاری هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، “لە دیدارەكەدا كونسوڵی چین لە هەولێر پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژوو و هاوكێشەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەبوو و هەروەها قوربانیدانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەرز نرخاند”.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، كونسوڵی چین وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەكانی نێوان بارزانیی نەمر و سەركردەكانی چین و هەردوو حزبی شیوعی چین و پارتی، “خوازیاری ئەوە بوو كە پەیوەندییەكانی وڵاتی چین و هەرێمی كوردستان لەبوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری، كولتووری، زانستی، بازرگانی و گەشتكردنی هاووڵاتییان پەرەی زیاتر بستێنن”.

ئاماژە بەوەش کراوە، “هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی تازەی چین لە هەولێر خواست و پێزانینی بۆ مێژوو و شارستانیەتی چین و گەل و سەركردایەتیی چین هەبوو كە ئاستەنگی زۆر گەورەیان تێپەڕاندووە و خزمەتی زۆریان پێشكەشی مرۆڤایەتی و جیهان كردووە و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا نیشان دا”.

گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخ و دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە تەوەری دیکەی ئەو دانیشتنە بوون.