پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئیجیوکەیشن لە سۆران ڕاگەیێندرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێم ئاستی خوێندنی بەرەو پێشەوە بردووە و بە دیجیتاڵی دەکات، ھەروەھا ڕێنمایی و یاسای پەروەردە و فێرکردن چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئیجیوکەیشن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیێندرا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، دەڵێت: ئامانجی سەرەکیی ڤیژن دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و دروستی فێربوون و خوێندنە بۆ ھەموو قوتابییانی کوردستان، بێ جیاوازی. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایدەگەیەنێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لە کەرتی پەروەردە دەڕوانێت و بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی مامۆستا و قوتابییان.

حکوومەتی ھەرێم ژێرخانی دیجیتاڵی بۆ کەرتی پەروەردە دامەزراند، پرۆژەی ئی پەروەردە، کە داتای زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەر، بە ھەموو وردەکارییەکانیان و تەواوی قوتابخانەکانی کوردستان، پۆستەر و نووسراوەکانیان بە دیجیتاڵی کراون.
لەبارەی ڕاھێنانی مامۆستایان حکوومەتی ھەرێم ستراتیجییەکی حەوت ساڵەیان بۆ دانراوە، لە ٢٠٢٣ تا ٢٠٣٠، بەشێوەیەک لە مانگی ٩ی ئەمساڵەوە ھەموو مامۆستایەک ھەفتانە یەک وانەی ڕاھێنان وەردەگرێت، بەمەش کوالێتیی خوێندن دەباتە ئاستێکی باشتر.
حکوومەتی ھەرێم پێداچوونەوەی بە پرۆگرامەکانی خوێندندا کردووە، کارکردنیش بەردەوامە و بەپێداچوونەوە بە چەندین کتێبی دیکەی خوێندن کراوە و ھەروەھا ھەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەکان دەکرێت.
ھەشتا و چوار بینای نوێی باخچە و قوتابخانە لە کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چوار سەد و پەنجا و دوو ژووری نوێ لە قوتابخانەکان دروست کراون، یەک ھەزار و پێنج سەد و سێ باخچە و قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەیان باڵەخانەی باخچە و قوتابخانە کارییان تێدا دەکرێت، دروستکردنی سێ سەد و چل و ھەشت ژووری نوێی خوێندن لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی شەش ملیار دینار ڕەزامەندی لەسەر دراوە.
زۆربەی قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی گشتی ئیدارەی سۆران کەلوپەلی قوتابخانەکانیان وەرگرت کە کۆمپانیای ڤیژن ئیجیوکەیشن دابینی کردوون. دابەشکردنی ئەو کەلوپەلانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڤیژنە کە پێویستییەکانی زیاتر لە پێنج سەد قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سنووری ئیدارەی سۆران پڕ دەکرێنەوە.
سارا سەلاحەدین، بەڕێوەبەری ڤیژن ئیجیوکەیشن دەڵێت: بەخۆشحاڵییەوە، ئێمە لە ڤیژن ئیجیوکەیشن ئەرکی بەرەوپێشبردنی وڵات لە ڕێگەی بەھێزکردنی کەرتی پەروەردە و پێگەیاندنی تاکەکانمان پێسپێردراوە کە ئەمە لە دیدگایەکی دووربینی نیشتمانسازییەوە سەرچاوەی گرتووە. دامەزرێنەر و سەرۆکی ڤیژن، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی باوەڕێکی پتەوی بە ڕۆڵی پەروەردە ھەیە لە پرۆسەی نیشتمانسازی، ئامانجی سەرۆکی ڤیژن دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و تەندروستی فێربوون و خوێندنە بۆ ھەموو قوتابییانی کوردستان، بێ جیاوازی، کەلوپەلەکان بریتین لە بۆرد، کۆمپیوتەر، داتاشۆ، کەلوپەلی وەرزشی و ئەو پێویستییانەی دیکە بوون کە قوتابخانەکانی سنوورەکە لە وەرگرتنی سوودمەند بوون.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان، دابینکردنی ئەو کەلوپەلانە، بەڕاستی گرنگیی خۆی ھەیە و کەلێنێکی زۆر لە کەموکورتیی قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمانی دابین کرد، داواش لە کۆمپانیاکە و ڕێکخراوەکانی دیکەش دەکەین ھاوکارمان بن بۆ ئەوەی ئەو کەموکورتییانەی کە ھەن نەھێڵین و پەرە بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بدەین لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان.