دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد

 فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد، کە لە دیدارەکەدا ھەردوولا تیشکیان خستە سەر ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی.

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە (کەیت شاو) کونسوڵی گشتی بەریتانیا بە وەکالەت لە ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی.

ھەروەھا میرانی پوختەیەک لەسەر خۆئامادەکردنی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پارتی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراو دا کە بڕیارە ئەنجام بدرێت.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەدا ناوچەکە نالەباری بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو ئاقارێکی نادیار دەڕوات لە بەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ھیوای خواست ئەم شەڕە بوەستێت و خەڵکی سڤیل نەبێتە قوربانی ئەم شەڕە و ئاشتی بەرقەرار بێت.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر فازڵ میرانی دووپاتی کرد کە کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەگەڵ کەسەکان نیە بەڵام لەگەڵ عەقلیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتە لەلایەن بەغداوە.

لە لای خۆیەوە (کەیت شاو) کونسوڵی گشتی بەریتانیا بەوەکالەت لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدار و پێشوازییە و دووپاتی کرد کە شانشینی بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکان دا.