پشتیوان سادق بۆ قوتابیانی زانکۆ: سەرکەوتنی کوردستان لە چاوی ئێوە دەبینین

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ قوتابیانی زانکۆی نەورۆز رایگەیاند، ئێمە سەرکەوتن و ئایندەیەکی روونی کوردستان لە چاوی ئێوە دەبینین.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق لە  زانکۆی نەورۆز کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ قوتابیانی کۆلێژی زانکۆکان ئەنجامدا و گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: دڵم خۆشە لەگەڵ ئەو چینەی زانکۆ کۆدەبمەوە، لەراستیدا ئێمە سەرکەوتن و ئایندەیەکی روونی کوردستان لە چاوی ئێوە دەبینین.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر میللەتێک ئەگەر کیانی خۆی نەبێت و نەتەوەی خۆی پارێزراو نەبێت، ئەوە ناتوانێت تواناکانی خۆشی بەرجەستە و فەراهەم بکات، بۆیە هەرمیلەتێک بێ وڵات و بێ کیان بێت هەمیشە پەرتەوازەیە.

سادق داوای لەقوتابیان کرد و رایگەیاند ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان تکاتان لێدەکەین گرنگی بەتواناکانی خۆتان بدەن، دەشڵێت، قوتابییەکی دەرچووی زانکۆ چوار ساڵ دەخوێنێت ئەگەر زانستەکەی لەگەڵ نەبێت، ئەوە ناتوانێت خزمەتی خۆیی و وڵاتەکەی بکات.

راشیگەیاند، پاراستنی کیانەکەمان تەنها ئەرکی حکومەت و حزبەکانی نییە، ئەرکی سەرشانی ئێوەشە بە بیرکردنەوە و هەستی نیشتیمانی و نەتەوەییتان پاریزگاری لەو کیانە بکەن.

ھەروەھا تیشکی خستە سەر بارودۆخی گشتی ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستان، گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر کار و خزمەتی پێشکەشکردووە و زۆریش ماوە ئەنجامی بدات، بۆیە پێویستە ھەمووان پێکەوە بەھەستکردن بەگیانی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، قەوارەی ھەرێم بپارێزین.