پارێزگاری دهۆک: حکومەتی عێراق رێگە نادات سوود لە سامانە سروشتییەکانمان وەربگرین

پارێزگاری دهۆک دەڵیت، “هەرێمی کوردستان بەشی خۆی سامانی سروشتی هەیە، ئەگەر لێی بگەڕێن مامەڵەی پێوە بکات، دەست بۆ هیچ لایەنێک درێژ ناکەن”. باس لەوەش دەکات، “پێمان خۆشە هەموو شارەکانی عێراق وەکو شارەکانی کوردستان پێشبکەون”.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئێکەتیی شارەوانییەکانی هۆڵەندا – VGN  بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانی و تەندروستیی دهۆک، کۆنفرانسی “پاشماوە پزیشکییەکان، ئاستەنگ و دەرفەتەکان” سازکرد.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو و رایگەیاند، “ئەگەر بمانەوێت ژینگەیەکی پاکمان هەبێت، پێویستە پێش هەموو شتێک خەڵکی ئێمە هاوکاربێت لەگەڵمان. وەکو چۆن ماڵەکانمان دەپارێزین و پاکیان دەکەینەوە، پێویستە وڵاتی خۆشمان بەهەمان شێوە بە پاکی بهێڵینەوە و بیپارێزین”.

پارێزگاری دهۆک لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: “ئێمەی کورد کۆنترین نەتەوەین لەسەر رووی زەوی. خوای گەورە نیعمەتی لەگەڵ ئێمە کردووە و، مۆڵک و سامانێکی بێ سنووری سروشتیی پێشکەش کردووین، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق نەیهێشتووە وەکو پێویست سوودیان لێ ببینین، هەر بەوهۆیەوە لە رابردوودا چەندین قەیرانی جۆراوجۆر رووبەڕوومان بوونەتەوە”.

بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، “وەکو هەرێمی کوردستان بەشی خۆمان سامانی سروشتی و داهاتمان هەیە. ئەگەر لێمان بگەڕێن سوودیان لێ وەربگرین، دەستی خۆمان بۆ هیچ لایەنێک درێژ ناکەین؛ بەڵام بەداخەوە سیاسەتێک هەیە، نە رێگەمان پێ دەدەن سوود لە سامانە سروشتییەکانمان (نەوت، گاز و کانزاکان) وەربگرین و نە رێگەمان پێ دەدەن بیانفرۆشین، تەنانەت مامەڵەیەکی دەستووری و یاساییشمان لەگەڵ ناکەن”.

وەکو ئەوەی عەلی تەتەر باسی دەکات، “پێمان خۆشە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق وەکو شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوەدانبکرێنەوە و پێشبکەون و، خەڵکی عێراق بە خۆشی، سەربەرزی و ئارامی بژیت”.

پارێزگاری دهۆک بە پێویستی دەزانێت، “وەکو چۆن ئێمە (حکومەتی هەرێمی کوردستان) بەردەوام پشتیوانیمان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە، پێویستە ئەوانیش بە هەمان شێوە پشتیوانیمان لێ بکەن؛ ئەگەر هەرێمی کوردستان لەرووی ئاوەدانییەوە پێشکەوت، پێویستە عێراق ئەو پێشکەوتنە بە هی خۆی بزانێت، ئێمەش بەهەمان شێوە پێویستە پێشکەوتنی پارچەکانی دیکەی عێراق بە هی خۆمان بزانین.”