سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پۆلیسی دهۆک: کارمەندەکەی ئاسایشی بەردەڕەش لەلایەن هاوژین و برایەکەییەوە کوژراوە

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، کارمەندەکەی ئاسایشی بەردەڕەش لەلایەن هاوژین و برایەکییەوە کوژراوە و، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. ئاماژە بەوەش دەدات، “لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی کوژرانی کارمەندێکی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لە رۆژی (شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023) خستەڕوو.

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایشی گشتیی بەردەڕەش دەرکەوتووە، کارمەندەکەی ئاسایشی بەردەڕەش بە “چەقۆ” لەلایەن برایەکەییەوە کوژراوە و هاوژینەکەشی هاوکار بووە بۆ ئەنجامدانی “تاوانەکە”. ئەوەشی خستەڕوو، “برای کارمەندەکەی ئاسایش، قوتابی زانکۆیە و، هاوژینەکەشی کابانی ماڵە و دایکی سێ منداڵە”.

وەکو ئەوەی هێمن سلێمانی باسی کرد، رووداوەکە کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە گەڕەکی مەعروفی قەزای بەردەڕەش روویداوە و کوژراوەکە ناوی ئەرکان خەیرەدەینە و تەمەنی 35 ساڵە؛ “هاوژین و برایەکی پێشتر پلانی کوشتنییان داڕێشتبوو. دوای ئەوەی ژنەکە بە شەو لە ماڵ چووەتە دەرەوە، براکەی هاتووە بە چەقۆ کوشتوویەتی”.

بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، “هەردوو تۆمەتبارەکە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەکانی بەردەڕەش بــە هاوکاری لەگەڵ ئاسایشی گشتیی قەزاکە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکایاندا ناوە”. لــەبارەی هــۆکــاری رووداوەکــەش، گــوتــی: “لێکۆڵینەوەکــان بــۆ زانینی ڕاستیی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن”.