رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لە بەغداوە دەستیپێکرد

رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەمڕۆ دووشەممە 30/10/2023، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان بڕیارە لە نزیکترین کاتدا بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە رێی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان”.

ئەمە لە کاتێکدایە ناردنی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ئەم مانگە دواکەوتووە و رۆژی شەممە 28/10/2023، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: “بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت. ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو رۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ریشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی”.

‎گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاندووە: “لە ماوەی رابردوو  نیەتی روونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین”.

لە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، کە تا یاسای بودجەی گشتی جێبەجێ دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز بنێردرێت. دواتر لە لە کۆبوونەوەی رۆژی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 700 ملیار دیناری سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا.