هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیان فراوانتر ده‌كه‌ن

هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات، په‌یوه‌ندییه‌كانیان فراوانتر ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی له‌ بواری وه‌به‌رهێنان، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەسەر داوای وەزارەتی ئابووری ئیمارات، شاندی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سەردانی وڵاتی ئیماراتی کرد.

سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیایه‌كی خانووبه‌ره‌ و خزمه‌تگوزاری بیناسازی ده‌ڵێت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتییه‌كی زۆری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران كردووه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش جەختدەکاتەوە ئاسانكاری زیاتر بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی دەکەن.

نووسینگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، کە سەر بە حکومەتی ئیماراتە  هاوبەشییەکی گرنگی لەگەڵ  32 وڵاتی جیهان هەیە، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی بە ئاشکرا ئاماژەی پێدراوە، هەروەها وڵاتەکە پەیوەندی توندو تۆڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری بۆ ئیماراتییەکان دەکات و دەیەوێت پەیوەندییەکان پتەوتر بن.

د. محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتی: “بەپێی رێنمایی و راسپاردەی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، زیاتر ئاسانکاری بکەین بۆ وەبەرهێنەران بەتایبەتی لە ئیماراتی عەرەبی کە بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن”.

ئیمارات لە ریزبەندی جیهان لە پلەی 22مین دایە لە رووی ئاڵوگۆڕی بازاڕەوە، چالاککردنی کەرتی تایبەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی و تەندروستی کوالیتی بەرز لەسەرجەم بوارەکاندا، وایکردووە ئیمارات ببێتە شوێنێکی جیهانی بۆ کۆمپانیاکان و کارخوازان، جگە لەوەی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان لە هەموو شوێنە جیهانییەکانەوە. هاوکات  بەشێک لە بازرگانان و وەبەر‌هێنەرانی ئیمارات و بەتایبەت دوبەی دەیانەوێت سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان بخەنە گەڕ  و وەبەرهێنان بکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە سەقامگیری ئاسایش و کارئاسانی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دڵنیاییان پێدەدرێت.

عەبدوڵڵا محەممەد لاحج، سەرۆکی جێبەجێکاری ئایانا هۆڵدین (کۆمپانیای گشتی خانوبەرە و بیناسازی) لە لێدوانێکیدا گوتی: “ئێمە هاندانمان بۆ وبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە هەردوو لایەنەوە بینی، حكومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیماراتیش، ئەوان ئامادەن و ئاسانکاریمان بۆ دەکەن، ئێمەش دڵخۆشین وەبەرهێنان بکەین، سەیر دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن هاوکاری یەکدی دەکەین، بۆ نموونە لە کەرتی خانووبەرە لە کوردستان. ئاسانکاری لە مامەڵەکان گرنگترین شتە. ئەو پێشوازییەی لەلایەن حکومەتەوە لێمان کرا دڵنیایی پێداین، کە دەتوانین لە کوردستان وەبەرهێنان بکەین، ئەوە گرنگترین شتە، کە بینیمان حکومەت هاوکارە، بڕیارمانداوە هەوڵی بۆ بدەین”.

بۆ هەرێمی کوردستان، ئیمارات بووەتە دەروازەی گرنگیی بازرگانی بۆ هاوردەکردنی شمەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، ئیمارات دوای تورکیا، ئێران و چین چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە، کە ساڵانە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵا و شمەک لە ئیماراتەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانیش، زیاتر لە 150 کۆمپانیای ئیماراتی بەبڕی 2.57 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کورستاندا کردووە.