پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە نوێنەرى دەزگاى بن ڕاشدى خێرخوازى ئیماراتى کرد


ئەمڕۆ دووشەممە 2023.10.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە زەمان وەلید، ڕاوێژکارى نێودەوڵەتى و نوێنەرى دەزگاى بن ڕاشدى خێرخوازى ئیماراتى کرد.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوون، نوێنەرى دەزگاى بن ڕاشدى خێرخوازى ئیماراتى زۆر سوپاسی پارێزگارى هەولێر کرد بۆ پێشوازیکردنى و ستایشى هەوڵ و کارەکانی پارێزگاى هەولێر و هەوڵە بەردەوامەکانییان کرد لە خزمەتکردنى هاوڵاتییان، پاشان تیشکى خستە سەر ئامانجى سەردانەکەى کە مەبەستیانە بەهەماهەنگى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر چەند کارێکى خێرخوازیی لە کەرتى تەندروستى بۆ چارەسەرکردنى نەخۆش لە ڕێگەى پزیشکانى شارەزاى فەرەنسى لە نەخۆشخانەکانى هەولێر ئەنجامبدەن.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشی لەو کارە خێرخوازییە كرد و ئامادەیی هەموو هەماهەنگی و هاوكارییەک و ئاسانکارییەکى لەگەڵ دەزگاى بن ڕاشدى خێرخوازى ئیماراتى نیشاندا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌و کارە مرۆییە دەڕوانین و هیواى خواست لە زووترین کاتدا ئەنجامبدرێت.‏