ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بودجە و مووچە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە کۆببنەوە.بەپێی زانیارییەکانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی حکوومەتی هەرێم دەکات.

ئەم سەردانەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لە کاتێکدایە بڕی ئەو حەوت سەد ملیارد دینارەی کە وەک قەرز دەبوو مانگانە حکوومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بینیرێت هەفتەیەکە دوا کەوتووە. لە ناوەڕاستی ئەم مانگەش شاندی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وردەکارییەکانی دەربارەی ژمارەی فەرمانبەران و بڕی مووچەی دا بە شاندی حکوومەتی عێراق.
هەر سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوێنێ، به‌نگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کێشەی هەرە سەرەکی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەمجارە ئەوەیە، دوو سیستەمی جیاواز هەیە لە هەژمارکردن، لەوانەیە هەردوولا هەوڵی ئەوە بدەن هەردوو سیستەم لەگەڵ یەک بگونجێنن.
گوتیشی: لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق قسەم کردووە، بەلێنمان وەرگرتووە و گوتوویانە، ئەگەر سبەی شاندی هەرێم بێتە بەغدا ئەوە کێشەکە تەواو دەبێت، ئەگەر نووسراوەکان دروست بن.
به‌نگین رێكانی ئەوەشی ڕاگەیاند: کەشەکە ئەرێنییە لەلای پەرلەمانی عێراق و حکوومەتیش، وەکی گوتم، کێشەکە تەکنیکییە، بەدڵنییایەوە حەوت سەد ملیاردەکەش دێت.
لەدوا کۆبوونەوەی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، شاندی هەرێم بە ڕاپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمی دایەوە لەبارەی داهات و خەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنوورییەکان و پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم و میلاکیی گشتی و مووچە.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەوەش خرایە ڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 10/18 ی لیژنە دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون؛ بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجیی ڕاستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدراڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.
پێشتریش ڕۆژنامەی هەولێر، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، ئەوەی خستووەتە ڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دوو جۆر پارەی بەدەست گەیشتووە یەکەمیان لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی بووە کە وەک شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان نێردراوە و دووەمیش وەک قەرز لە لایەن بانکەکانی ڕافیدەین، ڕەشید و بانکی بازرگانیی عێراقی نێردراوە.
قەبارەی ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی دارایی نێردراوە بریتی بووە لە نۆسەد و نەوەد و هەشت ملیارد دینار و ئەو پارەیەی بە ناوی قەرز نێردراوە بریتییە لە تریلیۆنێک و شەشسەد ملیارد دینار.
بەگشتی حکوومەت بە هەموو ئەو سەرچاوانەی داهات، حەوت تریلیۆن و نۆسەد و هەژدە ملیارد و پێنجسەد و یەک ملیۆن و بیست و سێ هەزار دیناری دەست کەوتووە.
بەپێی خشتەیەکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆی خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەرێم، جگە لەوەی کە خەرجییەکانی لە داهات زیاتر بووە و کورتهێنان ڕوویداوە لە هەمان کاتدا بەشێک لە داهاتەکانی هەرێم وەک قەرز لە لایەن بەغداوە دابین کراوە و حکوومەتی عێراق بڕێکی کەم لە شایستە داراییەکانی کوردستانی رەوانە کردووە کە لە نیو ساڵدا کەمتر بووە لە یەک تریلیۆن دینار.
کۆی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە حەوت تریلیۆن و نۆسەد و هەژدە ملیارد و پێنجسەد و یەک ملیۆن و بیست و سێ هەزار دینار کە پەیوەندیدار بووە بە داهاتی نەوت و ناوخۆیی و بەشێکی شایستەی دارایی و ئەو قەرزەی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
وا چاوەڕوان دەکرێت، لە سەردانی ئەمجارەیدا شاندی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگەیینە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و چیتر بەو شێوەیە بێدەنگ نەمێننەوە لە ئاست کێشەی مووچەی فەرمانبەران لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق جگە لە دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بە پێی چەند بڕیارێک مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزمی بەرز کردووەتەوە بە ڕێژەی پەنجا لە سەد.