پێشمەرگە ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕزگارکردنی کۆبانێدا هەبوو

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نۆ ساڵ بەسەر چوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ تێدەپەڕێت، لەو ڕۆژەوە پێشمەرگە زیاتر سەلماندیی کە پارێزەری ھەر بستێکی خاکی کوردستانە لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانەدا بێت.

نۆ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، دوای سەد و سی و چوار ڕۆژ لە پەلاماری چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، ڕووبەری نزیکەی ٨٥%ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی ئەو ڕێکخراوە و ھەزاران کەسیش لە ئەنجامی ئەو ھێڕشەی داعش ئاوارە بووبوون؛ ئەو کات، لەسەر داوای سەرۆک بارزانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانەی ئەو شارە کراو توانرا بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان شەڕەکە لە بەرژەوەندی کوردانی خۆرئاوا یەکلایی بکرێتەوە و تەواوی شاری کۆبانێ ڕزگار بکرێت.
لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ دوای ھێڕشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێ، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی ھێزی پێشمەرگە ڕەوانەی کۆبانێ کرا و و ڕۆژی ٢٨ی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤ یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان ١٥٠ پێشمەرگە بوو، بە چەکی سووک و قورس بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوتن و بە درێژایی ڕێگا لە باشوور، باکوور و تاگەیشتە خۆرئاوای کوردستان ھاووڵاتییانی کورد بە سروودی نیشتمانی و چەپڵە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە کرد، چونکە بەلای کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان ڕووداوی ڕەوانەکردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ ڕووداوێکی مێژوویی و دەگمەن بوو. لە ٣١/١٠/٢٠١٤ ھێزی پێشمەرگە گەیشتە کۆبانێ، کە ئەو کات نزیکەی ٨٥%ی شارەکە کەوتبووە دەست چەکدارانی داعش.
چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ نەک تەنھا بووە ھۆی پاراستنی شارەکە، بەڵکو یەکڕیزی و یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکانی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بەھێزتر کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی کوردستان، ھەروەھا دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی ھەبوو، لە بەشێکی زۆری میدیا جیھانییەکان ھەواڵ و ڕووماڵی چوونی ھێزی پێشمەرگە بە ناو خاکی تورکیا بۆ خۆرئاوای کوردستان کرا.
لەگەڵ گەیشتنی ھێزی پێشمەرگە باڵانسی شەڕەکە گۆڕا و شەڕڤان و پێشمەرگە شانبەشانی یەکدی ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل، کە دوا خاڵی ڕۆژھەڵاتی شارەکە بوون بەدەست چەکدارانی داعشەوە ڕزگار بکەنەوە. ئەوە بوو لە ٢٦ کانوونی دووەمی ٢٠١٥ شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان تەواوی کۆبانێیان کۆنترۆڵ کردەوە.
ھێزی پێشمەرگە بە چوار کاروان چوون بۆ کۆبانێ، یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە لە ڕێکەوتی ٢٨ی تشرینی یەکەم ساڵی ٢٠١٤ بوو لە ھەولێری پایتەختەوە بەڕێکەوتن و ماوەی ٣٥ ڕۆژ لەوێ بوون و ھەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەست بە کاربوون، کە ژمارەیان ١٥٠ پێشمەرگەی ھێزەکانی پشتیوانی بوون و چەکی قورس و مام ناوەند و سووکیان پێ بوو، کاروانی دووەمیش لە ٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ بوون، کاروانی سێیەمین لە ١٥-١-٢٠١٥ بوو، دوا کاروانیش جێگۆرکێیان کرد لەگەڵ کاروانی سێیەم بۆ تەواو کردنی ئەرکەکە، کە تا ڕەواندنەوەی مەترسی داعش لەسەر کۆبانێ و ئازادکردنی ئەو شارە لەوێ مانەوە، دوای تەواو ئازادکردنی شارەکە و کۆتایی ھاتنی شەڕ، پێشمەرگە چەکەکانی خۆیان بەخشیە شەڕڤانان و ھیچ دەستوەردانێکیان لە کاروباری ناوخۆی کۆبانێ و خۆرئاوای کوردستان نەکرد و گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان.
لەو ماوەیدا ھێزەکانی پێشمەگەی کوردستان لە شاری کۆبانێ یەک شەھید و چەندین بریندارییان دا و قارەمانانە لە دژی چەکدارانی داعش جەنگان و توانییان پارسەنگی ھێز بگۆڕن و داعش لە ھێزی ھێرشکەرەوە بوو بە ھێزی تێکشاو و پاشەکشە پێکراو.
ھێزی پشتیوانی یەک وەک ھێزێکی سەرەکی چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، ڕۆژی ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ھەولێر یادی نۆ ساڵەی ئەو داستانەیان کردەوە، ئەو ڕۆژە، ھەموو کوردێکی ئەم جیھانە، شانازی زیاتری بە پێشمەرگەوە دەکرد، پێشمەرگە بوو بە ھێمای یەکبوون و یەک دۆز و یەک چارەنووس، خوێنی پێشمەرگە و شەڕڤانان بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان تێکەڵی یەک بوون.
پێشوازیکردنی کوردان لە باشوورەوە، تا باکوور و ڕۆژئاوا لە کاروانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ھەڵبژاردەی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبوو، پەیامێکی دیکەی یەکگرتوویی نەتەوەیی بوو.
ئەحمەد گەردی، فەرماندەیەکی بەشداربوو لە شەڕی کۆبانێ، دەڵێت: سەرکردایەتی کورد لە ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و لایەنی تورکیا کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی ھێزێک لە ھەرێمی کوردستان بە ھانای ڕۆژئاواوە بچێتە کۆبانێ، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی وەکو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە چەکی قورس و مام ناوەند چووین بۆ کۆبانێ.
ئەو فەرماندەیە، دەشڵێ: ئەو کاتەی پێشمەرگە گەیشتە شارەکە، لە لایەن چەکدارانی داعش گەمارۆدرا بوو تەنھا یەک گەڕەک لە دەستی شەڕڤانان مابوو بارودۆخی ڕۆژئاوا زۆر خراپبوو، کاتێک چووینە شارەکە لەلایەن شەڕڤانان پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین و شەوی دواتر کاروانی ھێزی پێشمەرگە لە شوێنی مەبەست نیشتەجێ کران و بە گەیشتنی پێشمەرگە ھێز و ورەی شەڕڤانان بەرزبوویەوە و بارودۆخی شەڕ بە تەواوەتی گۆڕا، پێشمەرگە ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە ڕزگارکردنی شارەکە، چونکە ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە شارەکە بە تەواوەتی دەکەوتە دەست تیرۆریستانی داعش.