میلیشیاکان زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیەنن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ماوەیەکە لە عێراق گرووپە میلیشیاکان کەوتوونەتە جووڵە و بەبێ حسابکردن بۆ حکوومەتی فیدراڵی و دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکان، دەستیان بە هێڕشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کردووە، هەنگاوێک کە ئەگەر بەردەوام بێت بەرژەوەندییەکانی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

حکوومەتی عێراق کە هەمووی ساڵێکە دامەزراوە و کۆتایی بە کۆمەڵێک ناکۆکیی سیاسی کەڵەکەبوونی ناوخۆیی هێنا ئومێدی ئەوەی لێ دەکرا بپرژێتە سەر پرسە سەرەکییەکانی نەهێشتنی گەندەڵیی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی دۆخی دارایی و ئابووریی خەڵک؛ ماوەیەک بوو دۆخی عێراق بە ئاراستەی ئارامی گۆڕدرابوو و گفتوگۆ و دانوستانەکان بەسەر توندوتیژی و ململانێکاندا زاڵ بوون، بەڵام دیسان خەریکە دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە و حکوومەتی عێراق بەر لە چارەکردنی تەنگژە کۆنەکان، تەنگژەی نوێ بەربینگی پێ دەگرێت.
یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی حکوومەتی عێراق لە ڕابردوودا بریتی بووە لە بوونی ژمارەیەکی زۆری گرووپی میلیشیایی نایاسایی کە هیچ فڕێکیان بە دامەزراوە فەرمییە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراقەوە نەبووە و سەربەخۆیانە کێشەی ئەمنییان هێناوەتە کایەوە.
بە تایبەتی لەوەتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ کردووە ئەو گرووپانە بە ئاراستەکردنی درۆن و هاوەن دەیانەوێت ئەو بنکە سەربازی و دیپلۆماسییانە لە عێراق بکەنە ئامانج کە بە هەماهەنگی حکوومەتی عێراق دامەزراون و لە ڕاستیدا بە مەبەستی لەناوبردنی تیرۆر هاتوونەتە عێراق و ڕاوێژ بە هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکەن بۆ ئەوەی توانایان بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەرز بکەنەوە و بە یەکجاری ئەو گرووپە تیرۆریستییە بنبڕ بکەن.
لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢١ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵەکە هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق دەکشێنەوە، تەنیا هێزێکی سەربازی لە رۆڵی راوێژکاری و هاریکاری دەمێننەوە. ئەو هێزانە لەو ماوەیەدا لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕۆڵی کارایان گێڕاوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕاهێنانەکان سەرکەوتوو بوون و هەست دەکرێ داعش مانگ بە مانگ زیاتر لاواز دەبێت.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا گرووپە میلیشیاکان کۆمەڵێک هێڕشی جیاوازیان لە هەریر، هەولێر، بەغدا، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و تەنەف و چەندان شوێنی تر ئەنجام داوە.
حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە پێش بە چالاکیی ئەو گرووپانە بگرێت. محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، هەفتەی ڕابردوو هێڕشکردنە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشیان تێدا جیگیرکراون سەرکۆنە کرد و گوتی لێی بێدەنگ نابن.
هاوکات لیوا یەحیا ڕەسول گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی ئەو ھێڕشانە گوتی: بوونی ڕاوێژکارانی سەربە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەسەر داوای حکوومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی درێژە بە ئەرکەکانیان بدەن بۆ پاڵپشتیی، مەشق و ڕاھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و بۆیەش هەڵوێستیان دەبێت و درێغی ناکەن لە پاراستنی بارەگاکانی نێردە دیپلۆماتییەکان و بنکە سەربازییەکان.
ئەو ڕوونی کردەوە کە لە لایەن سەرۆک وەزیران فەرمانی گرتنی بکەرانی ھێڕشەکانیان پێ دراوە و ڕێ بە هیچ لایەنێک نادەن ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بشێوێنن.
جێی باسە ئەو گرووپانە نەناسراو نین تا حکوومت و سوپای عێراق نەتوانن بیاندۆزنەوە. لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکن لە حەشدی شەعبی، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە دەربڕیوە.
ئەمەریکا و هاوپەیمانان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و شێواندنی ئەو پێوەندییانە زیان بە بەرژەوەندیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنن و دەبنە هۆی پەرەسەندنی تیرۆر و توندوتیژییەکان لە عێراق.