دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزیری تەندروستی: داوامانکردووە لە بەشە بودجەی حاکیمە پشکی هەرێمی کوردستان بدرێت

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسمان لەوە کردووە لە بەشە بودجەی حاکیمەی عێراق جگە لە ناردنی بەشە دەرمان، پێداویستی پزیشکی و ئامێری پزیشکی و چاککردنەوەی ئامێرەکان بەشێوەی ساڵانە دابین بکرێت.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە دواین سەردانمان بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە و یەکێک لە خاڵی کۆبوونەوەکە گفتوگۆمان لەبارەوە کرد، جگە لە ناردنی بەشە دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە بەشە بودجەی حاکیمە ناردنی ئامێری پزیشکی و چاککردنەوەیان بوو بۆ هەرێمی کوردستان کە ساڵانە دەکرێت بخرێتە سەری.

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: ئەو بودجەیە تەرخان دەکرێت بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراقە و ئێمەش داوامانکرد هەرێمی کوردستانیش بەشی هەبێت، چونکە لە بەشە بودجەی حاکیمە پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.

گوتیشی: بەشی سەرەکی دابینکردنی بەشە بودجەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت