ئومێد خۆشناو: دۆخە سەختەکەمان تێپەڕاند

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو توانیمان ئەمساڵ بەسەر دۆخەکە زاڵبین کە بەهۆی وشکەساڵییەوە هاتووەتە ئاراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29 تسرینی یەکەم2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: “دۆخێکی سەختمان تێپەڕاند، ئەویش بە هەوڵ و ماندوبوون و بودجەی پێویست و هەماهەنگی هەموو تیمەکان، باری خەڵکی سوکتر بوو، سێ ساڵ بەر لە ئێستا، دۆخێکی قورس بوو کە بەسەرماندا هات، ئەویش دۆخی وشکە ساڵی بوو”.

گوتیشی: “بڕی 25 ملیار و 104 ملیۆن دینار، لەلایەن خودی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بۆمان تەرخان کرابوو، بەپێی پلانێک لە سنووری پارێزگای هەولێر داماننابوو، بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی کە بەهۆی وشکەساڵی لە وەرزی هاویندا هەبوو”.

بەگوێرەی داتاکانی پارێزگای هەولێر، لە 1/1/2023 تاکو 11/10/2023 توانراوە لە بەرامبەر ئەو بیرانەی کە وشک بوون 112 بیری نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر لێبدرێن، ئێستاش بەپێی ئەو پلانەی کە ماوە 72 بیری تر لە پلاندایە، کە لە ئایندەدا جێبەجێ دەکرێ.

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە پلانەکان 203 بیری ئاو کە کارەبای بەردەوامیان نەبوو، لە رێگەی موەلیدەی گەڕەکەکانەوە کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە.