لە سەدا 20ـی دانیشتوانی سنووری کۆیە نەوتی سپییان وەرگرتووە

ئەمساڵ پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانی، لەو ناوچانە دەستیپێکردووە، کە ساڵی رابردوو نەیانتوانی بوو نەوت وەربگرن، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتیش بەسەر ئەوانەی ساڵی رابردوو، ماوەی هەفتەیەکە کۆتایی هاتووە.

هێمن عومەر، بەرپرسی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سنووری قەزای کۆیە،راگەیاند، سەرەتا لە ناحیەکانی سەر بەقەزای کۆیە دەستمان بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت کردووە، کە ناحیەکانی سکتان و ئاشتی مان تەواو کردووە، گوتیشی: ئەمڕۆ لە ناحیەی تەق تەق و کۆیە دابەش دەکرێت.

گوتیشی: ژمارەی خێزانەکان لە کۆیە و دووناحیەی سەر بەو قەزایە، 22 هەزار و 650 خێزانە، تاوەکو ئێستا لە 20%ـی نەوتی سپی دابەشکراوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری قەزای کۆیە بە هەر پێنج ناحیەکەیەوە، زیاتر لە 28 هەزار خێزان نەوت وەردەگرن، تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار خێزان نەوتی وەرگرتووە و پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە.

ئاری کاکە شین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر راگەیاند: “لەگەڵ تەواو بوونی ناوچە شاخاوییەکان دەست دەکرێت بەدابەشکردنی نەوت لە ناو شاری هەولێر”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستیکردووە بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان،  وابڕیارە ئەمساڵ هەموو خیزانێک بە پێی فۆڕمی خۆراک بەرمیلێک نەوتی سپی پێبدرێت، سەرەتاش لەناوچە شاخاوییەکانەوە دەستی پێکردووە.