سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە و بودجە دەچێتە بەغدا

سبەی دووشەممە 30/10/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاند، سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری دەچێتە بەغدا، پرسی مووچە و بودجە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەم مانگە جارێکی دیکە ناردنی بڕی ئەو 700 ملیار دینارە دواکەوتووە کە مانگانە حکومەتی عێراق وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت تا یاسای بودجەی گشتی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردن و پشکی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

لە 18ی ئەم مانگە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاری ورد لەبارەی مووچە و ژمارەی مووچەخۆران، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

دوێنێ 28/10/2023، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: “بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت. ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو رۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ریشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی”.

‎راشیگەیاندووە: “لە ماوەی رابردوو  نیەتی روونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت ، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین”.