ئەمریکا: ناتوانین چاو داخەین لەسەر هەڕەشەی سەر هێزەکانمان لە عێراق

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

ئیدارەی بایدن بەردەوام دەڵێ: ڕێگە نادەن شەڕی حەماس و ئیسرائیل پەل بۆ وڵاتانی دیکە بهاوێژێت و فراوان بێ، بەڵام ئێستا ڕۆژانە بە درۆن و مووشەک هێڕش دەکرێتە سەر سەربازانی ئەمریکا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە. ئەو هێڕشانە بەهۆی هەڵوێستی ئەمریکایە لە پشتیوانی ئیسرائیل، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە و داوای ڕاگرتنی بۆردوومانی خەڵكی سڤیل، گرووپە چەکدارەکان لە چەند وڵاتێک ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا

لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە لە عێراق کۆمەڵێک گرووپ بە ناوی ” بەرگرییەوە” نزیکەی 12 هێڕشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، ئەو گرووپانە پێش شەڕی حەماس و ئیسرائیل کپ و بێ دەنگ بوون، ئێستا لە عێراق، سوریا، تنەف لە سێ گۆشەی سنووری ئەو هێرشانە دەکرێن.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتی گونجاو و دروستدا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە، بەڵام زۆربەی هێڕشەکانیش بەرپەرچ دراونەتەوە و دوایینیان هێڕشەکەی پێنجشەممە بوو بۆ سەر بنکەی ڕاویژکارانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند: هیچ لینکێکی ڕاستەوخۆ نییە کە وڵاتێک لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت. بەڵام گرووپە چەکدارەکان خۆیان دەستیان داوەتە ئەو هێڕشانە .
جۆش رۆگین، نووسەر و شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ : ئیدارەی بایدن دەبێت وریا بێ لە دۆزینەوەی بازنەی ئەو هێرشانە کە ڕەنگە زیاتریش بن لە ناوچەکە، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوەکە دەبێ بەپێی دۆخەکە بێ.
میشێل مەکۆڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێ : هێزەکانی ئەمریکا بەپێی ئەو ئەرکەی هەیانە نابێ لە دەرەوەی سووریا و عێراق وەڵامی هێڕشەکان بدەنەوە،بەڵام مافی ئەوەیان هەیە لە گرووپە تیرۆرستییەکان بدەن، لە نێو هەموو ئەو هەرایەی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمریکا دەیەوێت بەشێوەیەک مامەڵە بکات کە نەبێتە بەشێک لەو هەڵکشانە سەربازییەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام هەم دیموکرات و هەم کۆمارییەکان دەڵێن ناتوانین چاو داخەین لەسەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هەیە .
کریس مێرفی، سیناتۆری دیموکرات دەڵێ بایدن دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هەنگاوی پێویست دەربکات بۆ پاراستنی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکاندا. بەڵام دەبێ ئەمریکا هەڵسەنگاندنەوەش بۆ ئەوە جێگیرکردنی هەزاران سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بکات.

ھەواڵی زیاتر