پارتی بە بەخشینی بارەگاکەی، پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی بە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک دا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا بارەگای سەرەکیی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک؛ ئەمەش دوای ئەوەی بە یاسایی مافی وەرگرتنەوەی بارەگاکەی بەدەست ھێنا. حکوومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دەکات. مەسعود مەلا حەوێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: پارتی بە بەخشینی بارەگاکەی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی بە لایەنەکان دا. دەشڵێ: ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی کەرکووک ھەنگاوێکی پێویست و گرنگە.

دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیر کرا، ھەر چەندە وەک یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، چۆڵکردن و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی جێگیر کرا، بەڵام ئەو بابەتە تا مانگی ئابی ئەمساڵ وەک خۆی مایەوە.
دوای ئەوەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ـەوە بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکووکەوە چۆڵ بکرێت و ڕادەستی پارتی بکرێتەوە؛ لە ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٣، گرووپێک لە عەرەبە ھاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی کە ئێستە لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش ڕۆژ خێوەتیان ھەڵدا و ڕێگەی سەرەکی کەرکووک-ھەولێریان داخست.
داخستنی ڕێگەی ھەولێر- کەرکووک، کاریگەری تەواوی لەسەر ڕاگرتنی کار و کەسابەتی ھاووڵاتییان دروست کرد و بووە ھۆی ئاستەنگی ھاتووچۆی نێوان کەرکووک-ھەولێر، بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردنشینەکان بێزاری و بارگرانییەکی زۆر بۆ دانیشتووانەکەی دروست کرا، ئەمەش وایکرد ھاووڵاتییان سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەو بێڕێزی و دەستدرێژییانەی لە ناوچەکانیان دەکرێت، داوای کۆتاییھێنان بەو دۆخە دەکەن کە دروستکراوە.
ڕۆژی ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و ڕادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە ڕادەگیرێت.
ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی دوای ڕۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی ھاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک ھات، کە بە تەقەی ھێزە عێراقییەکان چوار ھاووڵاتی بە ناوەکانی (ھاوکار عەبدوڵڵا، ھەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان شەھید کران و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لە دەستگیکردنی زیاتر لە ٤٠ گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشدارییی خۆپیشاندانەکان.
تا دواجار لە ڕۆژی ١٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری ڕاگرتنی ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی ھەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی ھەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو ڕادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.
ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەکە کۆبووەوە و دواتر ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە کە ئاماژە بەوە دەدات، تاوتوێی شەش تەوەری سەرەکییان کردووە ‌و بڕیاری پێویستییان بۆ وەرگیراوە.
لەبارەی پرسی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، لە ڕاگەیێندراوەکەدا ھاتووە، لەپێناو پاراستنی گیانی تەبایی و سەقامگیریی شاری کەرکووک و، پێزانین و ڕێزگرتن لە خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری ئەم شارە، کە ماوەیەکی زۆرە خۆڕاگر و بەردەوام خۆبەختکەر بوون لە پێناو ئامانجە ڕەواکانیاندا، کۆبوونەوە بڕیاریدا پارتیمان باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشووی خۆی لە کەرکووک، پێشکەشی زانکۆی کەرکووک بکرێت وەکو دیارییەک بۆ قوتابییانی ئەو شارە و پرۆسەی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شارەکە. ھاوکات کۆبوونەوە سوپاسی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ دەکات لەبەرامبەر دەرکردنی بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتیمان لەو شارەدا.
پەیامی پارتی لەم ھەنگاوە، جەختکردنەوە بوو کە کەرکووک ھەر دڵی کوردستانە و لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەریشەوە، خەبات دەکات بۆ سارێژکردنی برینی دڵی کەرکووکییەکان.
حکوومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دەکات بە پێشکەشکردنی بارەگای سەرکردایەتی خۆی لە شارەکە بە زانکۆی کەرکووک. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکووک.
باسم عەوادی، ڕایگەیاند: محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە حەکیمانەیە بەرز دەنرخێنێت.
ھاوکات گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەسەر پێداگیری حکوومەت دەکاتەوە سەبارەت بە سەقامگیری ئاسایش و پێکەوەژیان و برایەتی لە کەرکووک و تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی کارنامەی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا.
مەسعود مەلا حەوێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە بڕیارێکی گرنگە چونکە ھەم بڕیارە و ھەمیش پەیامێکە، چونکە زانکۆ بێجگە لەوەی جێگەی زانست و مەعریفە و ئەکادیمیایە، قوتابی و مامۆستای ھەموو نەتەوەکان تێدا دەخوێنن، بۆیە پەیامێکە بۆ نەتەوەکانی دیکە کە پارتی لەگەڵ تەبایی و پێکەوەژیانە، گرنگە ئەم پەیامە بگات بە نەتەوەکانی دیکەش کە پارتی بڕوای بەوە ھەیە لە کەرکووک بە یەکەوە بە تەبایی و تێگەیشتن بژین و داھاتوویەکی گەش بۆ ئەو شارە بنیاد بنێن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێ: ئەو بڕیارەی پارتی زیاتر پەیامێکە بۆ پیکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی لە شارەکە، خەڵکی شۆڤێنی ویستیان ڕەوشی خەڵک تێک بدەن، چەندین شەھید و بریندار دران، شارەکە لە تەقینەوەدا بوو. پارتی نایەوێت لەبەرە باڵەخانەیەک کێشە لە کەرکووک دروست بێت و کەسانی شۆڤێنی ئیستغلالی ئەو ڕەوشەی کەرکووک بکەن؛ ھەر چەندە حکوومەتی عێراق و دادگەی فیدراڵی ئەو مافەی بۆ پارتی گەڕاندووەتەوە. بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکانی دیکەش بەردەوام لە گفتوگۆ داین بۆ ئەوەی چالاکیی سیاسیی خۆمان دەست پێ بکەینەوە، ھەر چەندە چالاکیی سیاسیی ھەیە، بەڵام دەمانەوێت لەناو بارەگاکانی خۆمان بێت، کە بە دڵنیایەوە لە داھاتوودا بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە.
مەسعود مەلا حەوێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک، گوتیشی: دەبێت بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، دەبێت حکوومەت چەند ھەنگاوێک بنێت لەڕووی ئەمنییەوە شارەکە بدرێتە دەست پۆلیسی محەلی، دەبێت کێشەی کەرکووک بەپێی دەستوور چارە بکرێت، بۆیە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی کەرکووک ھەنگاوێکی پێویست و گرنگە، چونکە ئەگەر بارودۆخی شارەکە ئاسایی نەکرێتەوە کێشە دروست دەبێت، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، کە لە ٢٠٠٥ـەوە ھەڵبژاردن لە کەرکووک نەکراوە ھەڵێکی باش بۆ خەڵکی شارەکە بەتایبەتی کورد ھاتووتە پێشەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بانگەشەی خۆی بە نەرمی بکات و دەبێت ھەموو کوردێکیش بچێت بۆ دەنگدان، چونکە چارەنووسی شارەکە بەندە بەو ھەڵبژاردنەوە.